سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانێکیدا بۆ میسر ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتەکە، ڕێککەوتنی هەڵگرتنی ڤیزای لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئاشکرا کرد.
زەیدی ئاماژەی بەوەش دا، لە میانی گفتوگۆکاندا پرسی ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و جەختی لەوەش کردەوە، میسر دڵی نەتەوەی عەرەبە، لە بەرامبەردا سەرۆکی میسر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دووپاتی لە قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و قاهیرە کردەوە.
پێشتریش نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان عەلی فالح زەیدی و عەبدولفەتاح سیسی لە کۆشکی ئیتیحادییە لە قاهیرە کردبوو، بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەکە، هەردوو سەرکردە لە دیدارەکەدا میکانیزمەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و میسریان خستووەتە بەر باس.
هاوکات، تاوتوێکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دۆسیە و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جێبایەخەکانی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.
عێراق و میسر خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی و دیپلۆماسیی درێژخایەنن، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و ئاسایشدا چەندین یاداشت و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژۆ کردووە، هاوکات هەردوو حکومەتی بەغدا و قاهیرە لە چوارچێوەی کۆبوونەوە لووتکەییەکاندا هەوڵی فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریی گەشتکردن بۆ هاووڵاتییانی هەردوو وڵات دەدەن.