لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکاندا بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، هەنگاوە گرنگەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای دانەغاز بەڕێوە دەچێت تاکوو ڕێکاری خێرا بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز پەسەند بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی باڵا لە کێڵگەی کۆرمۆرهوه، سەرجەم کارمەند و بەڕێوەبەران بەتەواوی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە دەست بە چاککردنەوەی بەشە زیانلێکەوتووەکان بکرێت، هاوکات لە ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژدا بەرهەمهێنانی سنووردار لە بەشە ساغەکانەوە دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوە باڵاکە ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆژەی KM250 لە ناو کێڵگەکەدا هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە و لە کۆبوونەوەکەدا کار بۆ ئەوە دەکرێت بەرهەمی غازهكهی بخرێتە خزمەتی هەرێمی کوردستانەوە تاکوو چاککردنەوەی پڕۆژەی KM400 تەواو دەبێت.
لای خۆشیەوە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، کە دوای پڕبوونەوەی بۆرییەکان لە ماوەی 10 بۆ 12 کاتژمێردا بە شێوەی پلەبەندی وێستگەکان دەکەونەوە کار و لە 24 کاتژمێردا تەواوی غازهكه دەگۆڕێت بۆ کارەبای نیشتمانی.
هاوکات فەلاح سەیید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە پاشەکەوتی پێویست لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ڕێکارەکانی گەیشتنی کاروانە هاوکارییەکانیش لە بەغداەوە تەواو بوون تاکوو کێڵگەکە بەتەواوی دەکەوێتەوە کار.
ئەم هەماهەنگییە درێژکراوەی ئەو بڕیارەیە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە 9ی تشرینی دووەمدا و ڕۆژێک دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی سەر کۆرمۆر دەری کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە لە لایەن کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکی 67%ی کارەبای هەرێمی کوردستان و دابینکەری سەرەکی کارگەکانی گازە.
بە هەوڵە بهردهوامهكانی حکومەتی ههرێم و ماندووبوونی تیمە تەکنیکییەکان لە شوێنی کارەکەدا، ئاسۆیەکی نزیک بۆ گەڕانەوەی تەواوی وزەی غاز و ئاساییبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بۆ سەرجەم هاوبەشان لە هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە کایەوە.