سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو دەنگۆ و زانیارییانەی ڕەت کردەوە کە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی فالح فەیاز لە هەولێر بڵاو کراونەتەوە و بە هەڵبەستراو ناوی بردن؛ هاوکات جەختی کردەوە کە هەموو لایەنەکان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێگەی گفتوگۆ و دەستوور هاوڕا بوون.

 

ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، کە دوێنێ شەممە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە میانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سه‌رۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.

 

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کراوە؛ بەتایبەتی دۆسیەکانی بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوون.

 

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن دەنگۆی ناڕاست و هەڵبەستراویان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو جۆرە هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا دووپات کراوەتەوە کە بە پێچەوانەی دەنگۆکانەوە، کەشی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بووە و هەموو لایەک لەسەر چارەسەری ئاشتییانە هاوڕا بوون؛ هەر لەوێدا جەخت لە پێویستی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کراوەتەوە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی سەردان و کۆبوونەوە سیاسییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ کراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و دەروازە سنوورییەکان.