لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکاتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا باس لە دواخستنی هەر هێرشێکی نوێ و شاردنەوەی زانیارییەکانی شەڕ دەکەن.
ئهمڕۆ ماڵپەڕی واینێت لە زاری بەرپرسانی کارگێڕیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوه، کە واشنتن هێرشێکی ئەگەری بۆ لانیکەم هەفتەیەک دوا خستووە، سەرەڕای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گوشار بۆ هێرشێكی کورت و چڕ بۆ سهر تاران دەکات.
ڕاوێژکارەکانی ترەمپ لەسەر بەردەوامبوون لە گەمارۆی ئابووری یان دەستپێکردنی هێرشی سەربازی دابەش بوون، لە کاتێکدا میسر، قەتەر، تورکیا، سعودیە و پاکستان هەوڵی گەڕاندنەوەی واشنتن و تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەدەن.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایانگەیاندووه، کە دەرگای دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، هاوکات باس لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 14 کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک دوورگەی خارک بۆ شکاندنی گەمارۆکەی ئەمریکا دەکرێت.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیووز لەبارەی ئەو کەشتییانەوە گوتی: "هیوادارم وا بکەن، چونکە هەموویان وەک بەشەکەی تری هێزی دەریایییان دەچنە بن دەریا."
هەروەها ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ نووسیویهتی، کە ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا زۆرترین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا هەڵداوە، بەڵام هەموویان خراونەتە خوارەوە.
سەرۆکی ئەمریکا دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، ئێران و دیموکراتەکانی بە بەرزهێشتنەوەی نرخی نەوت تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بە کوژرانی 81 هەزار خۆپیشاندەر لە ئێران دا.
لهلایهكی دیكهوه و لە واشنتن، گۆڤاری زە ئەتلانتیک بڵاویکردەوە، کە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، سەردانی ئەندامانی کۆنگرێسی بۆ بنکە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغە کردووە.
بە هۆی ئەو بڕیارەوە، مانگی ڕابردوو ڕێگە بە سیناتۆر کریس مێرفی و جۆنی ئێرنست نەدرا سەردانی بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر و بنکەکانی دیکەی کەنداو بکەن.
مێرفی لەبارەی نەبوونی زانیارییەوە گوتی: "چۆن بتوانین بەپێی دەستوور بڕیار لەسەر پێدانی پارە بۆ شەڕ بدەین ئەگەر نەتوانین بیبینین؟"
پێنتاگۆن تێچووی کردە سەربازییەکان و تەقەمەنییەکانی شەڕەکەی تا ناوەڕاستی تشرینی دووەم بە نزیکەی 48 میلیارد دۆلار خەمڵاندووە و داوای 67 میلیارد دۆلاری تری کردووە، بەڵام زانیاریی تەواو بۆ دەزگا چاودێرەکان ئاشکرا نهكراوه.
سیناتۆری کۆماری مایک ڕاوندز ڕەخنەی لە پێنتاگۆن گرت بە هۆی دوورخستنەوەی دیموکراتەکان لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی تایبەت بە هەڕەشەکان.
لە هەمان کاتدا، کارگێڕیی ترەمپ هێشتا وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی کەمبوونەوەی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی و هێرشەکەی سەر قوتابخانەیەکی شاری مینابی ئێران نەداوەتەوە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 170 هاووڵاتی ئاسایی.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانیش، لە کاتێکدا باس لە کوژرانی 23 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە 850 سەربازی تر دەکرێت، دابەشکردنی ئامارەکان لە ماڵپەڕی پێنتاگۆندا گومانی لای چاودێران دروست کردووە.
هێگسێس ڕۆژنامەنووسانی بە گەورەکردنی هەواڵی زیانەکان تۆمەتبار دەکرد، ئێستا بۆ پەسەندکردنی بودجەی سەربازیی 1.5 تریلیۆن دۆلاری و دابینکردنی تێچووی شەڕەکە پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێسە.
لەم چوارچێوەیەدا، حەکیم جێفریز، سەرۆکی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕایگەیاندووه، کە دیموکراتەکان دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی کۆنگرێس لە مانگی کانوونی دووەمدا هەوڵی کۆتاییهێنان بەم شەڕە دەدەن.