لە پەرەسەندنێکی نوێی پەیوەندیدار بە بازاڕی وزەوە، دۆناڵد ترەمپ، ئێران و دیموکراتەکانی بە هەوڵدان بۆ بەرزهێشتنەوەی نرخی نەوت تۆمەتبار کرد و دابەزینی خێرای نرخەکەشی دوای هەڵبژاردنەکان بە 'فێڵێکی گەورە' ناو برد.
ئهمڕۆ دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ ڕایگهیاند، هەم دیموکراتەکان و هەم ئێران بە هەموو هێزیانەوە شەڕیان کرد بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەبەرزی بمێنێتەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکە نرخەکە بە ئاستێکی پێوانەیی دابەزی.
سەرۆکی ئەمریکا بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک ڕەخنەی لە دەنگدەران گرت کە پێش هەڵبژاردنەکەی 3ی تشرینی دووەم لەو پەیوەندییەی نێوان نرخی نەوت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە تێ نەگەیشتوون.
هاوکات ترەمپ دانی بەوەدا نا کە گرژییەکانی شەڕی ئێران و بەرزبوونەوەی کاتی نرخی بەنزین ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دۆڕانی کۆمارییەکاندا هەبووە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا.
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووه، کردنەوەی گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، قورس نابێت ئەگەر واشنتن مەرجە گونجاوەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پەسەند بکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ترەمپ هۆشداریی داوە هەر کەشتییەکی ئێرانی هەوڵی شکاندنی گەمارۆی دەریایی بدات دەچێتە بن دەریا، ئەوەش وای کردووە بازاڕەکانی نەوت بەوردی چاودێریی مەترسییەکانی پچڕانی هەناردەی وزە بکەن.