ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستەمی باڵانسەوە کێشەی تێکەڵبوونی خوێندنەوەی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکاندا چارەسەر دەکات.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕێنمایی و نرخە کاتییەکانی خزمەتگوزاریی مۆلیدەی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئاراستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد. بەپێی بڕیارەکە، نرخەکان بە گوێرەی ڕووبەری یەکەکان دیاری کراون و میکانیزمێکی نوێش بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی پێوەری زیرەک پەیڕەو دەکرێت تاوەکو هاوبەشان دووجار پارەی کارەبا نەدەن.
لەمباریەوە، ئەردەلان دۆسکی، بەرێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی کارەبا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا دەرکراوە تاوەکو دووجار پارەی کارەبا نەدەن.
ئەردەلان دۆسکی ئاماژەی بەوە کردووە، هاوبەشان مانگانە لەگەڵ پێدانی کرێی خزمەتگوزارییەکان، بڕی پارەی مۆلیدەکان بە خاوەن پڕۆژە نیشتەجێبووەکان دەدەن، ئەم ڕێکارەش بەردەوام دەبێت تاوەکو پێدانی کارەبای نیشتمانی بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە پشتبەستووە بە نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (4228) لە ڕێکەوتی 15ی تشرینی دووەمی 2026، کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی دۆسیەی مۆلیدەی تایبەت هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکە، بەهۆی ئەوەی مۆلیدەی کۆمەڵگەکان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی پچڕانی کارەبای نیشتمانی کار دەکەن و ئەمەش ئاستەنگی بۆ پڕۆژەی ڕووناکی دروست کردووە، نرخە کاتییەکان تەنیا لەسەر بنەمای تێچووی کارپێکردن (گاز، فلتەر، ڕۆن و خەرجییەکانی تر) و بە ڕەچاوکردنی جیاوازیی ڕووبەری خانوو، شوقە و یەکە بازرگانییەکان دیاری کراون، هەروەها جێبەجێکردنی نرخی خزمەتگوزاریی مۆلیدە لە 1ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە هەژمار دەکرێت.
خشتەی نرخی مانگانەی پاڵپشتیی مۆلیدە بۆ هەر یەکەیەک بەم شێوەیە دیاری کراوە:
شوقەکان: لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە 20,000 دینارەوە دەست پێ دەکات تا 48,000 دینار بۆ شوقە زۆر گەورەکان؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش لە 7,000 دینارەوە تا 16,000 دینار.
ڤیلاکان: لە هەولێر و دهۆک لە 39,000 دینارەوە بۆ ڤیلای بچووک دەست پێ دەکات و بۆ ڤیلای گەورە 200 دینار بۆ هەر مەترێک (بەرزترین بڕ 400,000 دینارە)؛ لە سلێمانی و هەڵەبجەش لە 13,000 دینارەوە دەست پێ دەکات و بۆ ڤیلای گەورە 67 دینار بۆ هەر مەترێک (بەرزترین بڕ 133,000 دینارە).
یەکە بازرگانییەکان: یەکەی بچووک لە هەولێر و دهۆک 20,000 دینار و لە سلێمانی و هەڵەبجە 7,000 دینارە، بۆ یەکە گەورەکان لە هەولێر و دهۆک 800 دینار بۆ هەر مەترێک (بەرزترین بڕ 400,000 دینار) و لە سلێمانی و هەڵەبجە 267 دینار بۆ هەر مەترێک (بەرزترین بڕ 133,000 دینار) دیاری کراوە.