بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان دابەزی، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکارەکەی بۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە دوێنێوە بەهای دۆلار دوو هەزار دینار دابەزیوە و لە ئێستادا بەهای 100 دۆلار بە 168 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لەکاتێکدا پێرێ 100 دۆلار 170 بۆ 171 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا.
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی بەهاکەی، کەیفی خۆشناو گوتی: "دەرکردنی ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراق بۆ بانکە بازرگانییەکان هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، نەمانی مەترسی شەڕی سوپای عێراق و کەتییبەکانی حزبوڵڵا هۆکارێکی دیکەیە."
گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهای 100 دۆلار زیاتر دابەزێت بۆ 164 هەزار دینار.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە 170 بۆ 172 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، کەیفی خۆشناو ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی مەترسی شەڕ لە ئارادا بووە و بەهاکەی بەرزبووەتەوە، خەڵک دڵەڕاوکیی هەبوو.
ڕۆژی شەممە 2026-11-21، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) ڕاسپارد کە دۆلار بە نرخی فەرمیی (152) بە بازرگانان بفرۆشێت.