پەرلەمانی ئێران بە سێ پەیامی توند دەرگای پشکنینی شوێنە ئەتۆمییە زیانلێکەوتووەکانی داخست، ڕۆژانە پێکانی نزیکەی 10 نەوتهەڵگری لە هورمز ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە واشنتن تەنیا لە زمانی هێز تێ دەگات.
ئەمڕۆ تۆڕی ههواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ هەڵوێستی نوێی تاران بەرامبەر ئەمریکا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمزدا ئاشکرا کرا.
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران ڕایگهیاند، ئەمریکا تەنیا لە زمانی هێز تێ دەگات و ئەمڕۆ تەنیا مەرج لەنێوان ئێمە و ئەمریکادا جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەیە و هیچی تر.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا کە بەرخودان تاکە ڕێگایە بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی واشنتن، چونکە سیستەم و ڕێبازی سیاسیی هەردوو وڵات لە بنەڕەتدا دژی یەکترن.
گودەرزی گوتیشی: "هەر کاتێک زیانمان بەرکەوتبێت بە هۆی ئەوەوە بووە کە متمانەمان بە دوژمن کردووە و کاتێکیش زیانمان کردووە، پشتمان بە پشتیوانی خودا نەبەستووە."
لە لایەکی دیکەوە، ئەبولفەزل ئەبوتورابی، ئەندامی لێژنهی ئەنجوومەنەکان لە پەرلەمانی ئێران، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی ڕۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 10 کەشتیی نەوتهەڵگر دەکاتە ئامانج کە بە پێشێلکەری ڕێساکانیان دادەنێت.
ئەبوتورابی ڕوونی کردەوە کە بە هۆی ئەو ڕێکارانەوە هاتوچۆی نەوت بە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
ئەو جەختی لەوەش کردەوە کە دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە سەر بارودۆخی پێش شەڕ و تاران بە هێزێکی زیاترەوە باڵادەستی خۆی بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا دەسەپێنێت.
هاوکات حەسەن قەشقەوی، گوتەبێژی لێژنهی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمان ڕایگەیاندووه، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لە هێرشە سەربازییەکاندا زیانیان بەرکەوتووە.
قەشقەوی ئاماژەی بەوە دا، كه ڕێککەوتنی گشتگیری پشکنین لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیدا باسی پشکنینی ئەو شوێنانەی نەکردووە کە بۆردومان کراون و هیچ پڕۆتۆکۆڵێکیش بۆ ئەوە نییە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، کە ئاژانسەکە شێواز و ڕێکارەکانی ڕوون نەکردووەتەوە و گوتی: "ئەوان هەوڵ دەدەن ڕەنگە لە ڕێگەی گوشاری دیپلۆماسییەوە ئەوە بەدەست بهێنن کە لە هێرشە سەربازییەکەدا نەیانتوانی بیبەن."
قەشقەوی دووپاتی کردەوە، کە حەوت مەرجەکەی ئێران دەبنە بنەمای هەر دانوستانێک کە لە داهاتوودا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدرێت.
ئەم لێدوانە توندانەی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدان کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆدەبێتەوە و تارانیش دەڵێت: "دەرگای دانوستان کراوەیە."
هاوکات هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە دوای سەری ساڵ هێرشەکان دەستپێدەکاتەوە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت و هەر کەشتییەک گەمارۆکە بشکێنێت ژێرئاو دەخرێت.
ئەم گرژییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە سەربازییانەی سەر دامەزراوەکانی ئێران و ئەو شەڕە نۆ مانگەیەی دوای شوباتی 2026ـەوە هاتوچۆی وزە و پشکنینە ئەتۆمییەکانی خستووەتە ناو قهیرانێكی قووڵەوە.