جورفولسەخر دوای 12 ساڵ لە داخستن بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچێت، بەڵام تا ئێستا تەنیا فەوجێکی لیوای 45ی کەتائیبی حیزبوڵڵا لەو ناوچەیە چووەتە دەرەوە و هاوکات دەسەڵاتدارانی عێراق بەڵێنی گەڕانەوەیان بە زیاتر لە 6,000 خێزانی ئاوارەی ئەو شارۆچکەیە داوە.
ئەمڕۆ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگهیاند، ئاڵوگۆڕی تەواوی هێزەکان لە جورفولسەخر نزیکەی مانگێکی دیکە تەواو دەبێت و پۆلیسی فیدراڵیش سێ خاڵی پشکنینی سەرەکیی (ئەنوەر، شوهەدا و تەحریر)ی لە کەتائیبی حیزبوڵڵا وەرگرتووەتەوە.
لە پێشهاتێکی نوێدا، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرای كرد، كه چوار هێزی جیاواز لەژێر یەک فەرماندەیی هاوبەشدا ناوچەکە دەپارێزن. نوعمان بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوت: "ئەوەی لە جورفولسەخر کرا سەلماندی هەموو چەکێک تەنیا لەژێر فەرمانی سەرۆکوەزیراندایە و هەوڵی کۆکردنەوەی چەک خێراتر دەکات".
ئەو فەرماندەییە هاوبەشە نوێیە لە سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە و لیواکانی 72 و 79ی حەشدی شەعبی پێک هاتووە؛ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشتر دووپاتی کردەوە کە سەپاندنی یاسا لە جورفولسەخرەوە دەستپێدەکات و چیتر چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت قبووڵ ناکرێت.
لهلایهكی دیكهوه، فەریق محەممەد قاسم فەهد، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی ڕوونی كردهوه، كه دەبێت کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا تەواوی پێگەکانی چۆڵ بکات و لە هەمان کاتدا، دوای ساڵانێکی زۆر لە داخستن، پردی فازڵییە و ڕێگەی سەرەکی نێوان لەتیفیە و جورفولسەخر و کەربەلا بە ڕووی هاووڵاتییاندا کرانەوە.
هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییانە بۆ دۆسیەی دزینی نەوت دەگەڕێتەوە، کە ئێستا پۆلیسی وزە بە 12 خاڵی نوێ چاودێریی 5.2 کیلۆمەتر لە بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە دەکات، پێشتریش حکومەت لە جورفولسەخر دوو پاڵاوگەی نایاسایی و عەمبار و شوێنی دەستکاریکردنی بۆرییەکانی دۆزیبووەوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراقیش دوای سەردانێکی مەیدانی ئاشکرای کرد کە بە وێنە و گرتەی درۆن سەلمێنراوە نزیکەی 25 تانکەری 36 هەزار لیتری بۆ بردنی نەوتی ئەو ناوچەیە بەکار هێنراون و بڕیارە لیژنەکە پێش نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی، سەردانی کەرکووک، بەسرە و نەینەواش بکات.
کەتائیبی حیزبوڵڵا هەموو تۆمەتەکانی دزینی نەوت ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ زیانێک بەر بۆرییەکان نەکەوتووە." گرووپەکە ڕایگەیاندووه، کە ئەو عەمبار و یەکەی سووتەمەنییە تەنیا بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییەکانی خۆیان دانرابوون.
لەبارەی چارەنووسی دانیشتووانە ئاوارەکەوە، زیاتر لە 6,000 خێزانی جورفولسەخر ماوەی 12 ساڵە لە پارێزگاکانی بابل، بەغداد و ئەنبار چاوەڕێی گەڕانەوە دەکەن، بهپێی زانیارییهكانیش حکومەتی عێراق بەڵێنی گەڕانەوە بە هەموو ئەو خێزانانە دەدات.
سهباح نوعمان قسهی بۆ كهناڵی دیجله كردووه و دڵنیایی داوه، کە بە هیچ شێوەیەک خێزانە بێتاوانەکان بە هۆی کاری خراپی کەسوکارەکانیانەوە سزا نادرێن. ئەو گوتی: "تەنیا تاوانباران دەدرێنە دادگا و هاووڵاتییە بێتاوانەکان بە ئازادیی تەواوەوە دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان".
بەرپرسانی ئەمنی ڕوونیان کردەوە، کە پێش گەڕانەوەی خەڵک، تیمەکانی ئەندازەی سەربازی مین و بۆمبە بەجێماوەکانی داعش هەڵدەگرنەوە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیش ناوەکان وردبینی دەکات؛ هاوکات سەعد مەعن ئاماژەی بەوە داوه، کە لە بودجەی 2027دا پارە بۆ ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی ناوچەکە تەرخان دەکرێت.
عومەر مشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار گەیشتنی لیژنەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی بۆ شاری ڕومادی ڕاگەیاند بۆ گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان. به گوتهی پارێزگار بازگەیەکی پۆلیس دانراوە و لیوای 38ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بۆ پاراستنی زەوییەکانی جورفولسەخر جێگیر کراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگاری ئەنبار گوتیشی: "گەڕانەوەی ئاوارەکان هێشتا چاوەڕێی بڕیاری فەرماندەی گشتی و ڕەزامەندیی وەزارەتەکان دەکات." وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووه، باسکردنی گەڕانەوەی خێرا جارێ زووە و کاتی دیاریکراوی نییە.
ئەیاد جەنابی، نوێنەری ئاوارەکانی جورفولسەخر، بە کەناڵی ڕابیعەی گوت: "حکومەت بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە بەوردی و هەنگاو بە هەنگاو کار دەکات، عهلی زەیدی خەریکە گرێکوێرەکە دەکاتەوە و زۆرینەی ئاوارەکانیش پێشتر پشکنینی ئەمنییان بۆ تەواو کراوە".
هاوکات هۆزی ئەلبوعیسا ئەلقەیسییە بە سەرۆکایەتیی شێخ زیاد کامل ئەلدەحال، پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە پێناو گەڕانەوەی خەڵکی جورفولسەخر، عوێسات و ئەلبوعیسا نیشان داوه و هۆزەکە ئەو هەنگاوەی بە ڕێگەیەکی دروست بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا وەسف کرد.
جورفولسەخر (جورف نهسر) لە باکووری پارێزگای بابلە و نزیکەی 60 کم لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداوە دوورە؛ لە تشرینی یەکەمی 2014 لە داعش ڕزگار کرا و لەو کاتەوە لیواکانی 45 و 46 و 47ی کەتائیبی حیزبوڵڵا بەشێکی زۆری ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچهكه هێشتا ئاوارەن.