بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست پەنجەی تۆمەتی بۆ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی کارگێڕیی شارەکە ڕاکێشا سەبارەت بە دابەشکردنی موڵکی گشتی.
ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، شارەوانیی سلێمانی و ئیدارەی گشتی سەرقاڵی دابەشکردن و فرۆشتنی زەوییە خزمەتگوزارییەکانن، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە تەنها باخچەکان نەگیراونەتە بەر، بەڵکو شوێنی تەرخانکراو بۆ قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، باخچەی ساوایان، دایەنگە و دوکانەکانیش بە هەمان شێوە پارچە پارچە کراون.
سەبارەت بە وردەکاریی دۆسیەکە، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئاشکرای کرد، ئەو زەوییەی لە نەخشەی گەڕەکی هەواری شار لە نزیک مزگەوتی گەورە و پشت بەنزینخانەی دەریا وەک باخچە دیاری کراوە، دابەش کراوە بۆ 24 پارچە زەوی.
ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک 150 مەتر دووجایە و نرخەکانیان لە نێوان 80 بۆ 120 هەزار دۆلار (8 بۆ 12 دەفتەر) دایە، بە جۆرێک ڕووی ڕۆژهەڵاتی نزیکەی 12 دەفتەر و ڕووی ڕۆژئاواشی نزیکەی 8 دەفتەر دۆلارە. بە گوتەی ناوبراو، کۆی گشتیی بەهای ئەو باخچە دابەشکراوە دەگاتە 2 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار.
ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدان، پێشتریش عەلی حەمە ساڵح چەندین جار لەسەر دۆسیەی دابەشکردنی زەوی و موڵکی گشتی ڕەخنەی لە شارەوانی و بەرپرسانی سلێمانی گرتووە، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا دووپاتیان کردووەتەوە هەوڵی ڕژد هەیە بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی سەر موڵک و ماڵی گشتی و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیانە.