لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی پڕ لە پێکداداندا لە مەکسیک، هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە توانیان یەکێک لە داواکراوترین سەرکردەکانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن کە لە لیستی سەرەکیترین داواکراوەکانی ئەمریکادا بوو.

ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی مەکسیک ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی هێزە تایبەتەکان بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، 'فاوستۆ ئیسیدرۆ مێزا فلۆرێس' ناسراو بە 'چاپۆ ئیسیدرۆ' و 7 کەسی تریان لە شاری گواساڤێی ویلایەتی سینالۆوا دەستگیر کردووە.

لە کاتی گەمارۆدانی شوێنەکەدا، هێزەکان ڕووبەڕووی تەقە و تەقەمەنی بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 7 تۆمەتبار و 4 سەربازی سوپای مەکسیک کوژراون، لە نێو دەستگیرکراوەکاندا، ئامۆزایەکی مێزا فلۆرێس وەک جێگری گرووپەکە و زاواکەی وەک بەرپرسی دارایی هەن؛ هەردووکیشیان لەگەڵ مێزا فلۆرێس ڕەوانەی مەکسیکۆ سیتی کراون و 5 کەسەکەی تریش لە سینالۆوا ماونەتەوە، هاوکات دەست بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر، پارە و چەندین چەک لەوانە نارنجۆکهاوێژدا گیراوە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە ساڵی 2025 ناوی مێزا فلۆرێسی تەمەن 44 ساڵی خستە لیستی 10 داواکراوترین کەسەکانەوە، بە تۆمەتی ڕفاندن، سەرانەسەندن، ئەشکەنجەدان و پەیوەندیی کارتێلەکەی بە 20 ملیۆن حەبی فێنتانیڵ لە ساڵی 2024دا.

ئەم هەڵمەتە ئەمنییە، هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر مەکسیک دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لە پێناو ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری باشووری وڵاتەکەیەوە.

لە بەرامبەردا، کلاودیا شەینباوم سەرۆکی مەکسیک هەڵوێستێکی توندتری بەرامبەر کارتێلەکان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە خاکی وڵاتەکەیدا بکات، حکومەتی مەکسیک پێشوازی لە هاوکاریی هەواڵگری و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ واشنتۆن دەکات، بەڵام بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوخۆی مەکسیک ڕەت دەکاتەوە.

مێزا فلۆرێس، لە دەیەی 1990ـەوە لە بواری بازرگانیی مادە هۆشبەرەکاندا چالاک بووە و سەرەتا ئەندامێکی باڵای ڕێکخراوی 'بێلتران لێیڤا' بووە، پێش ئەوەی بەهۆی جیابوونەوە لە ساڵی 2013دا کارتێلە تایبەتەکەی خۆی بە ناوی 'گواساڤێ' دابمەزرێنێت.

گرووپەکەی ناوبراو، بۆ چەندین ساڵە لەگەڵ کارتێلی بەهێزی سینالۆوادا لە ململانێیەکی توندوتیژدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و تا ئێستا توانیبووی بە دوورکەوتنەوە لە چاوی میدیاکان خۆی لە دەستگیرکردن بپارێزێت.