ڕێکارە فەرمییەکانی تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە لە نێوان لایەنە داراییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕەوانەی شاری بەغداد کراو، هاوکات لەگەڵ لیستەکەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتەکانی مانگی تشرینی یەکەم لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەوە نێردراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرجەم بەڵگەنامە داراییەکان ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراون.

ئامانجی ڕادەستکردنی ئەم ڕاپۆرت و داتایانە، ئەنجامدانی وردبینیی داراییە لەلایەن بەغدادەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، هاوکات لە مانگی ڕابردووشدا لە ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەمدا لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرابوو.

بەپێی ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، ناردنی پارەی مووچەی مانگانە پەیوەستە بە ڕادەستکردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە و پابەندییە داراییەکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتی و نەوتییەکانەوە، سەبارەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیش، لە ڕۆژی 4ی تشرینی دووەمدا حکومەتی فیدراڵ بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دیناری دوای بڕینی پشکی داهاتی نانەوتی ڕەوانە کرد و لە نێوان 8 بۆ 11ی ئەم مانگەدا دابەش کرا.