قەرزی کۆنی کارەبای هەزاران ماڵ لە سنوورەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران لە 'ئی پسوولە' سفر کراوەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان بە شێوەی قیستی مانگانە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە سفرکردنەوەی قەرزی هاوبەشانی کارەبا لە 'ئی پسوولە' ڕایگەیاند، سەرجەم قەرزەکانی کارەبای پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی کراونەتە قیستی مانگانە و لەمەودوا بە شێوەی بەشەکی و مانگانە لەگەڵ پارەی پڕۆژەی ڕووناکیدا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بەم هۆکارە لە ئێستادا لە سەکۆی 'ئی پسوولە' قەرزی کۆن بە سفر پێشان دەدرێت، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی پسوولەی داهاتوودا، بڕی قیستە مانگانەکە لەسەر پسوولەی هاوبەشان هەژمار دەکرێتەوە.