وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داواکاریی بەغد، داوای لە سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کرد ڕێکاری یاسایی بۆ ڕاگرتنی کاتی سەکۆی تێلیگرام (Telegram) بگرنە بەر؛ بڕیارەکەی بەغدا ماوەی 30 ڕۆژی داوەتە کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلیگرام تاکوو پابەندی یاسا و ڕێنمایییەکانی عێراق ببێت.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا و لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمیی واژۆکراوی ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنەوە بڵاویکردەوە، كه‌ داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵیان ئاراستەی گشت کۆمپانیاکانی ڕاژەی ئینتەرنێت (ISP) کردووە.

 

بەپێی نووسراوەکە کە ژمارە 4299ی هەیە و ڕێکەوتی 22ی تشرینی دووەمی 2026ی لەسەرە، هەنگاوەکە لەسەر بنەمای نووسراوی حکومەتی عێراقی فیدراڵ ژمارە (أ/ر/00014528)ی ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2026 و نووسراوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ژمارە (م/ر/52447) گیراوەتە بەر.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونی کردەوە، بڕیارەکە ڕاگرتنی کاتی تێلیگرامە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی لەسەر سەکۆکە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن.

 

هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو کە هۆکارێکی دیکەی بڕیارەکە بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و ڕق و کینەیە لە ڕێگەی تێلیگرامەوە.

 

بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوە فەرمییەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی کێبڵی تیشکییەوە ئامادە کراوە، داوا لە کۆمپانیا ڕێپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان کراوە بەپێی یاسا و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست جێبەجێ بکەن.

 

هاوکات وێنەی نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی سەرۆکایەتی و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و چەند کۆمپانیایەکی سەرەکی پەیوەندییەکان کراوە، لەوانە ئاڵای نەورۆز تیلیکۆم، دل تەکنەلۆجی، پەلک و ئای کیو نێتۆرکس.

 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەختی کردەوە، كه‌ بڕیارە فیدراڵییەکە دەرفەتی 30 ڕۆژی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی سەکۆکە بەڕێوە دەبات بۆ ئەوەی پابەندی یاسا و ڕێنمایییەکانی حکومەت ببێت.