عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەقامگیریی داراییدا، بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) ڕاسپارد بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی 152 دینار و دیراسەکردنی پارەدارکردنی کارتی بازرگانان.

ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی و بانکە حکومییەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجام دا، تێیدا پێشهاتەکانی سیاسەتی نەختینەیی، دووبارە پەیکەربەندکردنەوەی بانکە حکومییەکان و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ سەقامگیرکردنی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆییدا تاوتوێ کران.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە، عەلی زەیدی لەپێناو کەمکردنەوەی ڕۆتینی کارگێڕی و ئاسانکاری لە مامەڵە دارایی و بازرگانییەکاندا، ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوەی دەرکردووە:

•بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) ڕاسپێردرا دۆلار بە نرخی فەرمیی پەسەندکراوی بانکی ناوەندی (152 دینار بۆ هەر دۆلارێک) بفرۆشێت. هاوکات بڕیار درا دیراسەی فراوانکردنی ڕۆڵی بانکەکان بکرێت بۆ پارەدارکردنی کارتی بازرگانان بە نرخی فەرمی و تا 100 هەزار دۆلاری مانگانە.

•سەرجەم بانکە حکومییەکان ڕاسپێردران ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان ئاسان بکەن، بە شێوەیەک کە مامەڵەکە لە ماوەیەکدا تەواو بکرێت کە لە 24 کاتژمێر تێپەڕ نەکات.

•بڕیار درا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا لە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی دەستە پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاسپاردەی پێویست سەبارەت بە پێناسەی گومرگی، بە مەرجێک لیژنەکە لە ماوەی تەنیا 72 کاتژمێردا کارەکانی تەواو بکات.

•بانکە حکومییەکان ڕاسپێردران بە سادەکردنەوەی ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕ، وەزارەتی داراییش ڕاسپێردرا ئاسانکاری بکات لە وەرگرتنی باج و ڕسوماتی گومرگیی سەر کاڵا و بەرهەمە هاوردەکراوەکان بۆ دەستەبەرکردنی جووڵەی بازاڕ و سەقامگیریی نرخەکان.