سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە دیپلۆماسییەکەیدا.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشوازیی لە مارات ڕاژبادینۆڤ، کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کردووە و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کردووە.
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیران هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵە نوێیەکە خواستووە و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕیوە، هاوکات جەخت لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوان کوردستان و ڕووسیا کراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان داوە و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردووەتەوە، مارات ڕاژبادینۆڤ لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی وەک کونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسی و هاوبەشەکانیان دەدەن، دەستبەکاربوونی ڕاژبادینۆڤ دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی پێشووی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان دێت لە مانگی ڕابردوودا.