ڕێکارە تەکنیکییەکان بۆ یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانیی عێراقی هێشتا لە قۆناغی تەواوکردندان و جێبەجێکردنی کرداریی پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی، پاسپۆرت و نشینگەی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارە تەکنیکییەکانی تایبەت بە یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانیدا هێشتا لە قۆناغی تەواوکردندان، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکانی یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆدان و ڕوونکردنەوەیەکن لەسەر ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیییەکە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە، سەرجەم وردەکاری و ڕێکارەکانی تایبەت بەم دۆسیەیە دوای تەواوبوونی پێداویستییە تەکنیکییەکان و دەستپێکردنی کرداری لە ڕێگەی پلاتفۆرم و کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە بڵاودەکرێنەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری ناوخۆ لە سەردانێکیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاسپاردەی کرد بە خێراکردنی ڕێکارەکانی یەکخستنی هەردوو کارتەکە و گۆڕینی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی.
پێشتریش فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە پلانێک کردبوو بۆ نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی زانیارییەکانی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایلەوە تاوەکو هاووڵاتییان پێویستیان بە بەڵگەنامەی زیادە نەمێنێت، بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی پرۆژەکە، کارتی نیشتمانی دەبێتە تاکە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ ڕاییکردنی مامەڵە حکومییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە دامودەزگاکاندا.
عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا سیستەمی کارتی نیشتمانیی یەکگرتووی خستووەتە کار بە مەبەستی جێگرتنەوەی بەڵگەنامە کۆنەکانی وەک ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی هاووڵاتییان لە یەک بنکەی داتای یەکگرتوودا.