لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردە ناشرینەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە هەولێر تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە لە پلاتفۆرمی تیکتۆک تۆمەتبار کراوە بە سووکایەتیکردن بە هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوی کردەوە، لەسەر سکاڵای چەند هاووڵاتییەک و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ک . م . م) دەستگیر کردووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە (نورەدین) ناسراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو تۆمەتبارە بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کراوە، چونکە شەوانە دوور لە هەموو ئاداب و ڕەوشتێک، سووکایەتی و قسەی نەشیاوی بە هاووڵاتییان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر کەسێکی دیکە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو تۆمەتبارە هەیە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکات بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.