سیاسەتمەدارێکی عێراق زانیاری شۆکهێنەری لەسەر بوونی بنکەی سەربازی ئیسرائیل لە عێراق و پلانەکانی ئەو وڵاتە بۆ بۆردوومانکردنی ناوچەی جورفولسەخر ئاشکرا کرد.
فایەق شێخ عەلی، سیاسەتمەداری عێراقی و پەرلەمانتاری پێشوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەنیازە کۆگاکانی چەک و وێستگەکانی درۆن لە ناوچەی جورفولسەخر لە پارێزگای بابل بۆردوومان بکات، کە بە گوتەی خۆی، ئیستا ناوچەیەکی داخراوە و تەنانەت عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ناتوانێت بچێتە ناوی.
فایەق شێخ عەلی ئاماژەی بە دۆسییەکی گەندەڵی لە ناوچەی جورفولسەخر داوە و تێیدا هاتووە، هەواڵگریی ئەمریکا دەستی بەسەر چاپخانەیەکی ئێران لە ناوچەکەدا گرتووە، کە دراوی عێراقی بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕەکاندا چاپ دەکات و دواتریش دۆلارەکان دەنێرێتە ئێران.
ئەم سیاسەتمەدارە لە درێژەی قسەکانیدا ئاشكرای کرد، لە ئێستادا 5 بنکەی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق بوونیان هەیە، ئەمە سەرەڕای کشانەوەی فەرمی هێزە هاوپەیمانەکان لە مانگی ڕابردوو.
لە وەڵامی لە ڕاستی و دروستی ئەو زانیارییانە، فایەق شێخ عەلی سوێندی خوارد و گوتی: "سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان ئەم زانیارییانەی پێداوم، بەڵام ناتوانم ناوەکەی ئاشكرا بکەم چونکە دواتر لە پێدانی زانیاری دەوەستێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئاشكراکردنی پاڵاوتن و بەقاچاخبردنی نەوت بەشێوەیەکی نایاسایی لە ناوچەی جورفولسەخر، عەلی زەیدی فەرمانی بە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دا و داوای لە چەکدارانی حزبوڵڵا کرد ناوچەکە بەدەستەوە بدەن. ڕۆژی هەینی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق چوونە ناوچەکە.