سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرینگی ئامادەکارییەکان بۆ ڕوبەڕووبەونەی قەیرانی سروشتی و مرۆیی کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد.

ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی، قەیران و کارەساتەکان، وردبینی و پێداچوونەوەی بۆ پلانێکی ستراتیژی نیشتیمانی کرد بۆ ڕووبەڕوونەوەی کارەسات و قەیرانەکان، کە لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانییەوە ئامادە کرابوو.

لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی جەختی لە گرینگی دەستەبەرکردنی سەرجەم پێدوایستییە سەرەتاییەکانی وەک خواردن، دەرمان و سووتەمەنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کارەساتێکی سروشتی یان مرۆیی کردەوە، ئەمە جگە لە پاراستنی وێستگە گرینگەکان تا لە ژێر بارودۆخی جیاوازدا بەردەوام بن لە کارکردن.

بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بەدیهێننای ئەم ئامانجە و دابینکردنی پێویستی دارایی، عەلی زەیدی وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە.

ئەم پلانەی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی باری نائاسایی، قەیران و کارەساتەکانی عێراق دوای ئەوە دێت، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر ڕۆژنامەی مەدا لە ڕاپۆرتێکدا پلانێکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ داگیرکردنی باشووری ئێران ئاشكرا کرد، عەلی زەیدی لەم سیناریۆیە ئاگادارکرابوویەوە و ئەویش ئاماژەی بە گرینگی خێراکردنی پڕۆسەی چەکداماڵینی میلیشاکان داوە.