ئێران بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە سنووردارکردنی کارەبا ڕادەگەیەنێت و هۆشداریش بە هاوبەشانی کارەبا دەدات، کە لەوانە پچڕانی کارەبا چەندین هەفتە بخایەنێت.
محەممەد ئیلەداد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانی کارەبای ئێران (توانیر) ڕایگەیاند، لە زستانی ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی، ڕێژەی پێدانی کارەبا بەو هاوبەشانە کەم دەکرێتەوە، کە کارەبایەکی زۆر بەکاردەهێنن، ئەمەش بەهۆی زیانگەیشتن بە ژێرخانی گازی وڵاتەکە لە کاتی جەنگدا، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 230 ملیۆن مەتر سێجا لە توانای بەرهەمهێنانی گاز کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانی کارەبای ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت هاوبەشان دەست بەکارەباوە بگرن، چونکە لەوانەیە کوژاندنەوەی کارەبا ڕۆژانە تەنیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک نەبێت، بەڵکو چەندین هەفتە بخایەنێت.
ئەم هۆشدارییە چەندین هاوبەشانی کارەبا دەگرێتەوە، وەک خانوو، ئۆفیس، یەکەکانی بازرگانی و پیشەسازییە گەورەکان. هاوکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی کارەباش، محەممەد ئیلەداد ئاماژەی بە هاوردەکردنی کارەبا کرد و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ڕێککەوتوون، بەتایبەتی تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ لە ڤیدیۆیەکدا مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە ئۆفیسەکەی خۆیەوە دەرکەوت بەبێ کارەبا کاری دەکرد و بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکە، داوای لە هاووڵاتییان کرد دەست بە بەکارهێنانی کارەبا و گازەوە بگرن.