لە کاردانەوەی گرژییەکانی یاریی نێوان یانەی دهۆک و یانەی هەولێر، دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ڕێکاری یاسایی و فەرمی گرتەبەر و دۆسیەی پێشێلکارییەکانی ئاراستەی دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانی تۆپی پێی عێراق کرد.
ئەمڕۆ یانەی هەولێر ڕایگەیاند، دەستەی کارگێڕی یانەکە بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵایەکی یاسایی پێشکەش بە لێژنەی ڕێکاری و ڕەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو ڕووداوانەی لە یاریگای دهۆک هاتنە ئاراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەدا وردەکاریی تەواوی ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییە پلان بۆ داڕێژراوانە خراونەتەوو، کە کرابوونە سەر هاندەران، یاریزانان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، هاوکات سەرجەم بەڵگە ڤیدیۆیی و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانیش وەک پاڵپشتی پێشکەش بە لێژنەکە کراون.
یانەکە جەختی کردووەتەوە کە بە هەموو توانایەک بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکات و هاندەرانی دڵنیای کردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی یانە، یاریزانان و جەماوەر نابن تا ئەو کاتەی مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییە وەرزشییەکان دەگەڕێندرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە کاتی یاریی نێوان یانەی هەولێر و یانەی دهۆک لە یاریگای دهۆک، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەکە دروست بوو، لە ئەنجامدا بەشێک لە هاندەرانی یانەی هەولێر بە سەختی بریندار بوون.