دوای گەشتێکی ئاسمانیی نزیکەی 8 ساڵە بەناو بەشی ناوەوەی کۆمەڵەی خۆردا، دوو کەشتیی ئاسمانیی بێسەرنشین بە سەرکەوتوویی لە خولگەی بچووکترین هەسارەی نزیک لە خۆر جێگیر بوون.
ئەمڕۆ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەوروپا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە هەردوو کەشتییەکەی ئەرکی ئاسمانیی ناسراو بە 'بیپی کۆڵۆمبۆ' بە تێچووی 2 ملیار دۆلار گەیشتوونەتە خولگەی هەسارەی عەتارد، بڕیارە مانگی داهاتوو ئەم دوو کەشتییە بێسەرنشینە، یەکێکیان ئەوروپی و ئەوی تریان ژاپۆنییە، لە یەکتر جیا ببنەوە.
هاوکات دوای جیابوونەوەشیان، هەردوو کەشتییەکە لە بەرزایی جیاوازەوە نەخشەی ئەم هەسارە زۆر گەرمە دەکێشن و لێکۆڵینەوە لە بواری موگناتیسی و پێکهاتەکەی دەکەن.
بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، زنجیرەیەک کاری بزوێنەرە پاڵنەرەکان هاوکار بوون لە هێواشکردنەوەی خێرایی هەردوو کەشتییەکە، تا هێزی کێشکردنی لاوازی عەتارد بتوانێت بیانخاتە ناو خولگەکەیەوە، سەرەڕای ئەوەش، پرۆسەکە چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێی خایاند، پێش ئەوەی چاودێرانی گەشتەکە لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرکەوتنی چوونە ناو خولگەکە پشتڕاست بکەنەوە.
لە ئێستادا تیمە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنینی زانیارییە سەرەتاییە نێردراوەکانی هەردوو کەشتییەکە کردووە و چاوەڕێی وردەکاریی زیاتر دەکرێت.
ئەرکی 'بیپی کۆڵۆمبۆ' بە سێیەم گەشتی ئاسمانی لە مێژوودا دادەنرێت بۆ سەردانیکردنی هەسارەی عەتارد، ئەو هەسارەیە نزیکترینە لە خۆر و قەبارەکەی تەنها کەمێک لە مانگی زەوی گەورەترە، هاوکات ئەم گەشتە هاوبەشەی ئەوروپا و ژاپۆن یەکەم ئەرکی ئاسمانییە لە دوای زیاتر لە دەیەیەک گەیشتبێتە خولگەی ئەو هەسارەیە.