چەند دامەزراوەیەکی گرنگی ئەمنی و حکومیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوونە ئامانجی هێرشی ئەلیکترۆنیی هاککەران.

ئەمڕۆ میدیاکانی ئەمریکا، لە سەرووی هەموویانەوە تۆڕەکانی ئێن بی سی و سی ئێن ئێن بڵاویانکردەوە، هاککەران دزەیان کردووەتە ناو وەزارەتی کشتوکاڵ و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، بەبێ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو هێرشەکە یان ناسنامەی ئەنجامدەرانیان ئاشکرا ببێت.

بە گوتەی دوو بەرپرسی پێشووی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کەناڵی 'ئێن بی سی' ئەمریکی، سیستەمی ئاسانکاریی پارەدان بە جووتیاران کراوەتە ئامانج و مەترسی هەیە هاککەران وەک دەروازەیەکی لاوەکی بۆ گەیشتن بە داتا هەستیار و توێژینەوە بایۆلۆژییە مەترسیدارەکان بەکاری بهێنن، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەم ڕووداوانە نەداوە.

لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی سی ئێن ئێن ئاشکرای کرد، ئەمە دووەمین جارە لە دوای مانگی ئەیلوولەوە ئێف بی ئای ڕووبەڕووی هاککردن دەبێتەوە، دوای ئەوەی گرووپی شاینی هانتەرز لە مانگی ئەیلوولدا داتای کارمەندانیان لە ڕێگەی ماڵپەڕی دامەزراندنەوە کردە ئامانج.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمجارە هاککەران ناوەندی نیشتمانیی زانیارییە تاوانکارییەکان  (NCIC)یان پێکاوە و ئاژانسەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، لە کاتێکدا ناوەندەکە تەواوی دەزگا ئەمنییەکانی وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە، بەرپرسێکی پێشووی ئێف بی ئای هۆشداری داوە لەوەی هاککەران دەستکاریی دروستیی ئەو زانیارییانە بکەن پەیوەندییان بە فەرمانی دەستگیرکردن و سەلامەتیی ئەفسەران و هاووڵاتییانەوە هەیە.

هەردوو ڕووداوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئێف بی ئای، وەک هێرشی ئەلیکترۆنی پۆلێن کراون و هیچ پەیوەندییەکیان بە کێشە تەکنیکییەکانی خزمەتگوزاریی 'ئاوتلوک'ی مایکرۆسۆفت و دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئەمریکاوە نییە.

لەگەڵ زیادبوونی ڕەخنەکانیش دوای ئەو کێشە تەکنیکییە فراوانانە، سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا شۆن کێرنکرۆس، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنیی نیشتمانیی، لە پۆستەکەی دوور خستەوە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی دابوو ڕای گشتی دڵنیا بکاتەوە و بەرپرسانیش ڕایانگەیاندبوو ئەو کێشە تەکنیکییانە پەیوەندییان بە چالاکیی تاوانکارییەوە نییە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، زنجیرەیەک کێشەی تەکنیکیی گەورە بووە هۆی پەککەوتن لە کەرتەکانی گەشت، پەیوەندییەکان و بازرگانیی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا، کاریگەریی ئەو کێشانە تەنانەت تۆڕێکی پەیوەندیی نهێنیی سەر بە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاشی گرتەوە.