سەرۆکی شارەوانیی یەکێک لە گەورەترین شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاتی بەشداریکردنی لە یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێدا تووشی پێکانێکی قورس بوو.

 

ئەمڕۆ ئاژانسە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە، زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی شاری نیویۆرک، لە ڕۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2026 لە یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێدا بەرامبەر تیمێک لە ڕۆژنامەنووسانی شارەوانی بەشداریی کردووە.

 

لە یارییەکەدا تیمەکەی مەمدانی، توانی بە ئەنجامی 10 بەرامبەر 5 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام لە میانی یاریکردندا دەماری پاشپێی پێی ڕاستی پچڕاوە، مەمدانیی تەمەن 35 ساڵ بە دارشەق و پێڵاوی پزیشکییەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرکەوت و ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 6 تا 8 هەفتە پێویستی بەو پێڵاوە پزیشکییە دەبێت و نزیکەی 9 مانگیش لە یاریکردن دادەبڕێت.

 

سەبارەت بە هۆکاری پێکانەکە، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک ڕوونیکردەوە، پێش دەستپێکردنی یارییەکە خۆی گەرم نەکردووەتەوە و دوای ئەوەی زوو گۆڵێکی تۆمار کردووە، بیری چووەتەوە تەمەنی 35 ساڵە، لەم یارییەشدا نزیکەی 24 ڕۆژنامەنووس لە میدیا جیاوازەکانەوە بەشدارییان کردبوو.

 

لە نێویاندا پەیامنێرانی دامەزراوەکانی سیتی ئاند ستەیت و کرەینز نیویۆرک بیزنس و گۆسەمیست هەبوون، سەرەڕای ئەم پێکانە، مەمدانی لە کاتی بەرنامەی کاری ئاسایی شارەوانیدا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانی.

 

ڕۆژنامەنووسانی شارەوانی بە شێوەیەکی ڕۆژانە بڕیارە سیاسییەکان، بودجە و خزمەتگوزارییەکانی ئۆفیسی سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک دەخەنە ژێر ڕووناکی و هەواڵەکانی شارەکە ڕووماڵ دەکەن، ئەم جۆرە یارییە دۆستانەیەش وەک ڕێگایەکی نافەرمی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان سەرۆکی شارەوانی و ڕۆژنامەنووساندا ئەنجام دەدرێت.