دەسەڵاتدارانی وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکار دەست پێکرد، بە گومانی گزیکردن بە ئامێرە زیرەکەکان لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆکاندا.

 

ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور ڕایانگەیاند، لە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی وەرگرتنی زانکۆکاندا 111 سەرپێچیی تایبەت بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمار کراون و حکومەت بەنیازە سزای قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە بۆ سەرپێچیکاران بگەیەنێتە 10 ساڵ لە جیاتی 1 ساڵ، هاوکات پاداشتی دارایی تا بڕی 75 هەزار دۆلار بۆ ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی گزیکردن بە ژیریی دەستکرد تەرخان دەکرێت.

 

لە ئێستادا پۆلیس تاوتوێی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خوێندکارێکی تەمەن 20 ساڵ دەکات، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە لە تاقیکردنەوەی بیرکاریی شاری چۆنان بە چاویلکەی زیرەکەوە گیرا، هاوکات کەسێکی دیکە لە هەرێمی گیۆنگگی بە کامێرای ورد و بیستۆکی بێوایرەوە دەستبەسەر کراوە.

 

ئەم سەرپێچییانە، سەرەڕای ڕێکارە توندەکانی حکومەت لە تاقیکردنەوەی زیاتر لە 550 هەزار خوێندکاردا ڕوویانداوە، تێیدا نزیکەی 8400 چاودێر و کارمەندی زیادە بەشدار بوون و چاویلکەکان پشکنراون و قۆپچەی جلوبەرگیش بە لەزگە داپۆشراون.

 

هەروەها دەسەڵاتداران 3 ئاگادارکردنەوەی فریاگوزارییان بۆ مۆبایلەکان ناردووە تا لە دۆخی بێدەنگیشدا دەنگ بدەنەوە، بەوهۆیەوە 54 سەرپێچی و بە ڕێگەی دیکەش 52 سەرپێچی ئاشکرا کران، سەرباری گرتنی 5 خوێندکار لە کاتی بەکارهێنانی ئامێری زیرەکدا، بەپێی ڕێنماییەکان، تەنانەت هەڵگرتنی ئامێری قەدەغەکراو بەبێ ڕادەستکردنی بە چاودێران بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، ئەگەرچی بۆ وەرگرتنی وەڵامیش بەکار نەهێنرابێت.

 

ڕێوشوێنە نوێیەکان، تۆمارکردنی سکاڵای تاوانکاری دژی ئەنجامدەرانی گزیی قورس و هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی زانکۆ لەخۆدەگرن، تەنانەت ئەگەر سەرپێچییەکە دوای دەستپێکردنی خوێندنی زانکۆش ئاشکرا بکرێت.

 

دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور، هەوڵ دەدەن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی تەکنەلۆژیادا هەماهەنگی بکەن بۆ پشکنینی تۆمارە دیجیتاڵییەکان و بەدواداچوونی ئەو حاڵەتانەی لە ناو هۆڵەکاندا نەبینراون، ئەم مەترسییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن وێنە و دەق شیکار بکەن و پرسیارە ئاڵۆزەکان بە خێرایی چارەسەر بکەن، بەبێ ئەوەی گومانلێکراو پێویستی بە کەسێکی دیکە هەبێت لە دەرەوەی هۆڵدا.

 

سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە لە کۆریای باشوور، دوای دانپێدانانی یەکێک لە یەکەمەکانی تاقیکردنەوەی مۆڵەتی ژمێریاریی باج هات، دوای ئەوەی بە کامێرای نهێنی و ژیریی دەستکردەوە گزیکردنی ئاشکرا بوو، لە بەرامبەر ئەم پێشهاتەدا، سەرۆکی کۆریای باشوور داوای پێداچوونەوەی گشتگیری بە سیستەمی تاقیکردنەوە پەروەردەیی و پیشەییەکاندا کرد، بەو پێیەی گزیکردن بە ژیریی دەستکرد دادپەروەری و متمانە لە کۆمەڵگەدا دەشێوێنێت.