هێزە چەکدارەکانی عێراق تەواوبوونی بڵاوەپێکردنی لیوای 38ـی سوپا و فەوجی پاراستنی پۆلیسی وزەیان لە ناوچەی جورفولسەخر لە پارێزگای بابل ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و یەکخستنی فەرماندەییان.

 

ئەمڕۆ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگه‌یاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی یەکە ئەمنییەکان بەگوێرەی خشتە کاتییە دیاریکراوەکان بەڕێوە دەچێت و تەواوکردنی ڕێکارەکانی دیکە بەمزووانە ئەنجام دەدرێت.

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ی عێراق ڕوونی کردەوە، كه‌ فەوجی پاراستنی پۆلیسی وزە بڵاوەپێکردنەکەی تەواو کردووە و بەرپرسیارێتیی پاراستنی هێڵە بۆرییە نەوتییەکانی لە جورف ئەلنەسر (جورفولسەخر) گرتووەتە ئەستۆ.

 

هاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد، كه‌ لیوای 38ـی سوپای عێراق بڵاوەپێکردنی لە کەرتی بەرپرسیارێتیی خۆیدا تەواو کردووە، لە پاڵ بڵاوەپێکردنی بەشێکی گەورەی لیوای پۆلیسی فیدراڵی و بەشێک لە لیوایەکی سەر بە حەشدی شەعبی کە شوێنی ئەو لیوایەی پێشووی گرتووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەش دراوە کە ڕۆژی هەینی بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بارەگای فەرماندەیی یەکگرتوو لە ناوچەکەدا کراوەتەوە و فەرماندە و دوو جێگرەکەی بە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی نووسینگەی فەرماندەی گشتی دەستیان بە سەرپەرشتیکردنی یەکەکان کردووە.

 

سەبارەت بە قۆناغی داهاتووش، سەباح نوعمان گوتی: "پلانە نوێیەکە فراوانکردنی بڵاوەپێکردنی هێزەکان لەخۆ دەگرێت تاکو تەواوی جورفولسەخر، دەوروبەرەکەی و ناوچە بیابانییە پێشتر دانەپۆشراوەکان بگرێتەوە بۆ مسۆگەرکردنی کۆنترۆڵی تەواو، وێڕای ئەوەی هێشتا کاتێکی کۆتایی بۆ کردنەوەی هەموو ڕێگا سەرەکییەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی ژێرخان دیاری نەکراوە."