لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی ڕابردوودا سەدان ئەندام و بریکارى سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا بە ئاسانکاریی دەسەڵاتدارانی عێراق و لوبنان، پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنامەی عێراقی و لوبنانییان بە ناوی خوازراوەوە بۆ گەشتکردن بە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکار هێناوە.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامه‌ی زە ناشناڵ له‌ ڕاپۆرتێكدا ورده‌كاریی دۆسیه‌یه‌كی هه‌ستیاری ئه‌منی بڵاوكرده‌وه و تیایدیا هاتووه‌‌، كه‌ ژمارەی ئەو بەڵگەنامە لوبنانی و عێراقییانەی لە ڕێگای ساختەکاری یان کەناڵی یاسایییەوە دراونەتە ئەندامانی سوپای پاسداران دەگاتە سەدان بەڵگەنامە و هاوکات فەرمانی نهێنییش بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بەو کەسانە و خێزانەکانیان دەرکراون.

 

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، جگه‌ له‌ عێراق لە لوبنانیش دوای کوژرانی چەند بەرپرسێکی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر هۆتێلێکی ناوچەی ڕۆشەی بەیرووت لە مانگی ئازاردا، دەرکەوت کە پاسپۆرتی ساختەی لوبنانی نابایۆمەترییان پێ بووە.

 

سەبارەت بە عێراق، پێنج سەرچاوەی سیاسی و ئەمنی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ساڵانی دوای هێرشی 2003، بەڵگەنامەی عێراقی دراوەتە ئەندامانی سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ئەوەی بە ئازادی لە عێراقدا بجووڵێنەوە و یارمەتی ڕێکخستنی گرووپە چەکدارەکان بدەن، بەتایبەتی لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2008 کە ئەفسەرێکی خانەنشینی هەواڵگری بە دەیان حاڵەتی دەزانێت.

 

لە ناو ئەوانەشدا عەلی مووسا دەقدووق سەرکردەی دیاری حزبوڵڵای لوبنانی بوو کە ساڵی 2005 هاتە عێراق و دواتر لە هێرشەکەی 2007ـی کەربەلادا بەشدار بوو و لە کاتی دەستگیرکردنیدا دوو جۆر ناسنامەی عێراقی پێ بوو.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ماثیۆ لێڤێت شیکەرەوەی پێشووی ئێف بی ئای و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو دیاردەیەی بە کێشەیەکی گەورە ناو برد و گوتی: "دزەکردنی بریکارانی ئێران بۆ ناو جومگەکانی حکومەتی عێراق وای کردووە دەستکەوتنی بەڵگەنامە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت."