سه‌رۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد و لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.

 

ئەمڕۆ باره‌گای بارزانی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی لەسەر دیدارەکە بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە؛ هاوکات هەردوو لا ڕۆشنایییان خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا قابیلی چارەسەرن.

 

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە دەستوور پێوەر و بنەمای سەرەکی بێت بۆ تێپەڕاندن و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.