یانەی وەرزشی هەولێر بەفەرمی سکاڵا تۆمار دەکات لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژییانەی شەوی ڕابردوو لە میانی یاریی نێوان یانەکە و یانەی دهۆکدا لە یاریگەی دهۆک ڕوویان داوە، کە بە گوتەی یانەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕی و گواستنەوەی ژمارەیەک هاندەر بۆ نەخۆشخانە.

 

ئەمڕۆ یانەی وەرزشی هەولێر بەیاننامەیەکی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، شەوی ڕابردوو لە کاتی یاریی گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دوای کۆتاییهاتنی، لەلایەن بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی یاریگە، هاندەرانی یانەی دهۆک و بەشێک لە ڕێکخەرانەوە هێرش کراوەتە سەر هاندەران، یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی یانەکەیان.

 

لە بەیاننامەکەدا ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ شاندی یانەکە و هاندەران بۆ ماوەی 3 کاتژمێری تەواو لە ناو یاریگەدا گەمارۆ دران و ڕێگەی دەرچوونیان لێ گیرا، لە ماوەی ئەو گەمارۆدانەدا ژمارەیەک لە هاندەران دزەیان کردە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئاشكرا كراوه‌، كه‌ لە ئەنجامی ئەو پەلامارانەدا 3 ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەسەختی بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

 

یانەکە دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆکی بە کەمتەرخەم ناو برد لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەدا و ئاماژەی بەوەش دا کە بوونی سەرپەرشتیاری ئەمنی یارییەکە کە خەڵکی دهۆک بووە، کاریگەریی لەسەر دروستبوونی ئەو کەشە پڕ مەترسییە هەبووە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە بەڵگە و تۆماری ڤیدیۆیی ڕوونیان لەبەردەستدایە.

 

یانەی وەرزشیی هەولێر بە نووسراوی فەرمی داوای لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لێژنەی ڕێککاریی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کردووە کە لێکۆڵینەوەیەکی جیدی و بێلایەن ئەنجام بدەن و سزای یاسایی و وەرزشیی توند بدەن.

 

هاوکات یانەکە دووپاتی کردەوە کە لە پاڵ یەکێتی تۆپی پێی عێراق، پەنا بۆ سەرجەم دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان دەبەن بۆ وەرگرتنەوەی مافی بریندارەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە لە خولە وەرزشییەکانی داهاتوودا.