بڕیارە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شارەدێی جورفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل بکات، هاوکات لەگەڵ دووەم ڕۆژی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان و کردنەوەی ڕێگای سەرەکی نێوان لەتیفییە، جورفولسەخر و کەربەلا.

 

ئەمڕۆ به‌شێک له‌ میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ سەردانەکەی زەیدی دوای دەستپێکردنی ڕێکارە ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵی دێت لەو ناوچەیەدا کە زیاتر لە 12 ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی کەتیبەکانی حزبوڵڵادا بووە.

 

هاوکات ئه‌م به‌ره‌به‌یانییه‌ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، کردنەوەی ڕێگای نێوان لەتیفییە، جورفولسەخر و کەربەلای بە ڕووی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییاندا ڕاگەیاند.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، پۆلیسی وزە 12 خاڵی ئەمنی و بارەگای فەوجێکی لەسەر درێژایی زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر لە هێڵە نەوتییەکان دامەزراندووە.

 

لە کاتێکدا فەرماندە سەربازییەکان و سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڵاوەپێکردنی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە و لیواکانی حەشدی شەعبی بە بڕیارێکی سەروەریی عێراقی و بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە به‌ڵام چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا هێشتا لە بەشێک لە دەروازە و خاڵەکانی ناو ناوچەکەدا ماونەتەوە و ڕێگە بە چوونەناوەوەی ئاسایی هاووڵاتییان بۆ ناو قووڵاییی جورفولسەخر نادرێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، جووڵەی هێزەکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و نێوەندگیرییەکدا بووە بۆ دوورخستنەوەی پێکدادانی چەکداری و سەرکردەیەکی کەتیبەکانیش بە ڕێکخستنەوەی شوێنەکان ناوی بردووە.

 

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات، کە لە 9ـی تشرینی دووەمدا ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لەسەر کونکردنی بۆرییە نەوتییەکانی جورفولسەخر و قاچاخچێتی نەوت بڵاو کرایەوە و بووە هۆی لەکارلادانی 9 بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی، لە کاتێکدا کەتیبەکانی حزبوڵڵا تۆمەتەکان ڕەت دەکەنەوە و دانیشتووانی ئاوارەبووی ناوچەکەش لە ساڵی 2014ـەوە هێشتا چاوەڕێی گەرەنتیی کرداری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.