بڕیارێکی نوێی پەیوەندیدار بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ڕسوماتی گومرگی لە هەرێمی کوردستان دەرکرا و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بەگوێرەی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە (26271/ ک) کە لە ڕێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ڕێنمایی ژمارە 14ـی ساڵی 2026 دەرکراوە، ئەم بڕیارە هەمواری دووەمی ڕێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ژمارە 14ی ساڵی 2025 دەگرێتەوە و پاڵپشتە بە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری لە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجامدرا بوو.

 

لەم چوارچێوەیەدا، خاڵی 11 لە بڕگەی دووەمی ماددەی 7ی ڕێنماییەکەی پێشوو هەڵوەشێنراوەتەوە و دەقێکی نوێ خراوەتە جێگای، بەگوێرەی ماددەی یەکەمی هەموارەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەواو کارەبایین و هیچ بزوێنەرێکی سووتەمەنییان نییە، بە ڕێژەی 15 لە سەد گومرگیان لێ وەردەگیرێت و تەنها لە ڕسوماتی تابلۆ و ژینگە بەخشراون.

 

هاوکات ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنی کار دەکەن و بزوێنەرەکە تەنها بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت نەک جووڵاندنی ئۆتۆمبێلەکە، بە هەمان ڕێژەی 15 لە سەد گومرگیان لێ وەردەگیرێت، سەرباری ئەوەش، جۆری دووەمی ئەم ئۆتۆمبێلانە بە ڕسوماتی ئۆتۆمبێلی 4 پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت ڕسوماتی تایبەت بە تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.

 

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی هایبرید و میڵد هایبرید، لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، بەهۆی بوونی بزوێنەری سووتەمەنی و پاتریی کارەبایی، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەپێی ژمارەی پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت ڕسوماتێکیان لێ وەردەگیرێت.

 

لە ماددەی دووەمی بڕیارەکەشدا وادەی جێبەجێکردنی ئەم هەموارە بە ڕوونی دیاری کراوە، بەپێی دەقی ڕێنماییەکە، بڕیارەکە لە ڕێکەوتی 1/1/2027 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

 

دەرکردنی ئەم هەموارە نوێیە پاڵپشتە بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6ی ساڵی 2009 و دوای ڕێنمایی ژمارە 14ی ساڵی 2025 و هەمواری ژمارە 7ی ساڵی 2026 دێت، هاوکات بڕیارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە پێناو ڕێکخستنەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و بەرژەوەندیی گشتیدا دەرکراوە.