سزا داراییە نوێیەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەردەیان لەسەر ڕۆڵی تۆڕە نافەرمییەکانی نێوەندگیری لە فرۆشتنی نەوتی ژێر سزادا هەڵدایەوە.

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'دابڕینی ئابووری' و لە ڕۆژی هەینی 20ـی تشرینی دووەمدا سزای بەسەر چوار هاووڵاتیی ئێرانیدا سەپاندووە، کە تۆمەتبار کراون بە کارکردن لە تۆڕەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران و کۆکردنەوەی داهاتەکانی، سزادراوەکانیش ئەم کەسانەن: محەممەد جەواد باوەند، ماجید تاج، محەممەد حسێن سەروەتی و موجتەبا عەرەب نەژاد.

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، هەندێک لەو نێوەندگیرانە سەرەڕای ئەوەی ملیاران دۆلار قەرزاری حکومەتی ئێرانن لە مامەڵەکانی پێشوودا، بەردەوام بوون لە وەرگرتنی ئەرکی نوێ.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی واشنتون، محەممەد جەواد باوەند، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سوپای پاسداران، بە هاوکاریی ماجید تاجی برای سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران، ڕۆڵی سەرەکیی لە گەڕاندنەوەی پارەی نەوتدا گێڕاوە و پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای 'سپێهر ئینێرجی'دا هەبووە.

 

لە لایەکی دیکەوە محەممەد حسێن سەروەتی، بە نێوەندگیری لە فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین تۆمەتبار کراوە، هاوکات موجتەبا عەرەب نەژادیش تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی داهاتی نەوت بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی 'ماهان ئێر' و کڕینی پارچەی یەدەگی فڕۆکە.

 

ئەم سزا نوێیانە دەبنە هۆی سڕکردنی سامانی ئەو کەسانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەمریکادا و هەموو ئەو کۆمپانیایانەش دەگرنەوە خاوەندارێتیی 50 لە سەد یان زیاتری پشکەکانیان هی ئەوانە.

 

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا تەنها ڕێگریکردن نییە لە فرۆشی داهاتوو، بەڵکو پەکخستنی گەیشتنی تارانە بەو داهاتانەی پێشتر نەوتیان بۆ فرۆشراوە و ئێستا لە دەستی نێوەندگیرەکان یان 'ئەمیندارانی نەوت'دا ماونەتەوە.

 

لە کاتێکدا گەمارۆی دەریایی هەناردەی نوێی نەوتی بە توندی سنووردار کردووە، گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ دابینکردنی دراوی بیانی و خەرجییەکانی حکومەت گرنگییەکی زۆری بۆ تاران هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سزایانە بە بڕیاری دادوەری بۆ سەلماندنی هەموو تۆمەتەکان دانانرێن و کاریگەرییەکەیان بەندە بە ئاستی پابەندبوونی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان بە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ سزادراوەکاندا.

 

ئەم دۆسیەیە دووڕیانێکی قورس لە بەردەم بازرگانیی نەوتی ئێراندا دەردەخات؛ هەرچەندە تاران زیاتر پشت بە نێوەندگیرەکان ببەستێت، ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر داهاتەکانیدا زیاتر دەبێت، لە هەمان کاتدا توندکردنەوەی سزاکان لەسەر ئەم تۆڕانە، وەرگرتنەوەی پارەی بارە نەوتە فرۆشراوەکانی پێشووش ئاڵۆزتر دەکات.