پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوانیان.

 

ئەمڕۆ ڕێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی یەکێتی لە هەولێر بە میدیاکانی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵای مەکتەبی سیاسی بەڕێوە دەچێت.

 

ناوبراو لەبارەی چاوەڕوانییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن گوتی: "کە دەڵێین کۆبوونەوە هەیە، واتای ئەوەیە جارێ هیچ شتێک نەڵێین تاکو بزانین دانیشتن و دەرەنجامەکان بەرەو کوێ دەڕۆن و دەبێت هەموو لایەنەکان هۆکاری خێر بن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەرەو ئاراستەیەکی باش بڕۆن."

 

بەپێی زانیارییەكان، کۆبوونەوەکە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت و شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەحموود محەممەد و پشتیوان سادق پێک دێت؛ هاوکات شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە ڕێواز فایەق و یوسف گۆران پێک دێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

 

بەردەوامی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یه‌كێتی وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها لێکتێگەیشتنی هێزە سەرەکییەکان بە کلیلێکی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی سەرجەم دانیشتووانەکەی.