نزیکەی نۆ مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا تێ دەپەڕێت و پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئازاری 2026ـدا لەسەر نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ، هێشتا هێرشەکان و گەمارۆی دەریایی بەردەوامن؛ لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی سێدا باسی لە تەواوبوونی جه‌نگی ده‌كرد.

 

دۆناڵد تره‌مپ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ كۆشكی سپییه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌ ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات، بەڵام نایەوێت ڕێککەوتنێک بکات کە بۆ من قبووڵکراو بێت، ئێمە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەمان دەوێت نەک ساختە.

 

هاوکات ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی داناوە، وێڕای ئەوەی لەم هەفتەیەشدا هێرشی ئاسمانی و پێکدادانی دەریایی لە نێوان هەردوو لادا بەردەوام بووە.

 

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ ترەمپ لە 9ـی ئازاری 2026ـدا لە فلۆریدا گوتی: "جەنگەکە تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بووە"، و لە 16ـی ئازاریشدا ئاماژەی بەوە دا کە دەکرێت لە هەفتەیەکدا کۆتایی پێ بهێنرێت، پاشان لە 20ـی ئازاردا ڕایگەیاند ئێران لە ڕووی سەربازییەوە تەواو بووە و بیر لە کەمکردنەوەی هەوڵە سەربازییەکان دەکەنەوە.

 

دوای چەندین مانگ لە هەڕەشەی بۆردومانکردن، هەڵوەشانەوەی ئاگربەستە کاتییەکان و پابەندنەبوون بەو وادانە، ترەمپ لە 19ـی ئەم مانگەدا بە ڕۆیتەرزی گوت: "پەلە ناکەم بۆ هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران و دوای دەستپێکردنی ساڵی نوێ قسەی لەسەر دەکەین."

 

ئەم ناجێگیرییەی وادە و ئامانجەکان لە کاتێکدایە کە پاش دۆڕاندنی کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی 3ـی تشرینی دووەمدا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەنگەکەی بە هۆکاری سەرەکی شکستەکە ناو برد، بەڵام ترەمپ دوێنێ دووپاتی کردەوە کە ئەگەر کات بگەڕێتەوە دیسان هەمان هێرش ئەنجام دەداتەوە تاکو ڕێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

هاوکات وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە نهێنی هەوڵی نێوەندگیری دەدەن بۆ لابردنی بەربەستەکانی هورمز لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سنوورداری سزاکانی سەر تاران، لە کاتێکدا جەنگەکە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و دۆخی ناوچەکە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.