تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەیەکی بەهێز لە یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا لە باشووری عێراق ڕوویدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەکی گەورەکە لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری شاری بەسڕە ڕوویدا، دوابەدوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بگرن، تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی فەرمی لەبارەی قەبارەی زیانە مادییەکانی وێستگەکە بڵاونەکراوەتەوە.

 

سەبارەت بە قوربانییەکان، فەرمانگەی تەندروستیی بەسڕە ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 2 کەس و برینداربوونی 28 کەسی دیکە، بە گوتەی سەرچاوە تەندروستییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، برینی قوربانییەکان لە ڕووی مەترسیدارییەوە جیاوازن.

 

هاوکات کارمەندانی تەندروستی و ئەمبوڵانسەکان لە شوێنی ڕووداوەکە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ چارەسەرکردن و گواستنەوەی بەپەلەی برینداران بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە، لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەی وێستگەی کارەبای هارسە، زانیاریی جیاواز و دژبەیەک بڵاوکراونەتەوە.

 

 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوونەتەوە و باس لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. لە بەرامبەردا هەندێک ڕاپۆرتی دیکەی پشتڕاستنەکراوە ئاماژە بە تەقینەوەی بۆرییەکی گاز لە ناو وێستگەکەدا دەکەن.

 

وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری بەسڕە یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە باشووری عێراق، هاوکات هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکانن بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە.