درۆنێکی سەربازیی ئەمریکی جۆری MQ-9ـی لە ئاسمانی گەرووی هورمز له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ پێكرا و خرایه‌ خوارەوە و به‌ گوته‌ی پاسدارانی ئێرانیش ئه‌مه‌ 58ـەمین درۆنی لەو جۆرەیە لە دەستپێکی جەنگەوە تاکوو ئێستا تێک دەشکێنرێت.

 

ئەمڕۆ پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و تەلەڤزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، درۆنەکە لەلایەن سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، 58ـەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-9ـی سەر بە سوپای ئەمریکا لەلایەن سیستەمی بەرگریی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە و لەناو برا.

 

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم درۆنە پێشکەوتووەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، سەرقاڵی چاودێریکردنی ناوچەکە بووە، تاکو ئێستا ئەم زانیارییانە تەنیا پشتیان بە ڕاگەیەنراوەکەی لایەنی ئێرانی بەستووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

 

سوپای پاسداران جەختی لە بایەخی ستراتیژیی گەرووی هورمز کردەوە و ڕایگەیاند، چاودێریکردنی جموجووڵە ئاسمانییەکانی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە بە ئەرکی هێزە چەکدارەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا فشار دەکەن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی گەرووەکە بکەن و جموجووڵی کەشتییەکان بە ئازادی بهێڵنەوە.

 

ئەم پێشهاتەش لە چوارچێوەی ئەو گرژی و جەنگە فراوانەدایە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە و لە دوای ڕۆژی 8ـی تەممووز و هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە توندتر بووەوە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری بازرگانی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.