کۆمپانیایەکی گەورەی گەشەپێدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بە خستنەبازاڕی نوێترین بەرهەمی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا، ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی تۆمار کرد.

 

کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمز ڕایگەیاند، یاریی GTA 6 لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەیدا بڕی 3.79 ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشی تاکفرۆشیدا بەدەستهێناوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیاکە، ئەم ئامارە تا کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تۆمار کراوە و یارییەکە بە فەرمی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکراوەتەوە

 

هەروەها کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاشکرای کرد، پێش وادەی فەرمیی بڵاوبوونەوەی، توانیویانە 32.5 ملیۆن دانە لەم یارییە بفرۆشن.

 

سام هاوسەر، سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمز لە لێدوانێکدا، سوپاسگوزاری قووڵی خۆی بۆ پێشوازی گەرمی یاریزانانی سەرانسەری جیهان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، هاوبەشکردنی ئەم ساتە جێگەی خۆشحاڵییەکی زۆرە بۆیان.

 

 بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، نرخی جۆری ئاسایی یارییەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 80 دۆلارە و دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی هەواداران بە فەرمی خرایە بەردەست، هاوکات یاریزانانی نیوزیلەندا لە نیوەشەوی پێنجشەممەدا یەکەم کەس بوون توانیان یارییەکە تاقی بکەنەوە، ئەمەش پێش ئەوەی بە فەرمی لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە.

 

بڵاوکردنەوەی ئەم بەشە نوێیە، دوای سەرکەوتنی بازرگانیی گەورەی زنجیرە یارییەکانی GTA دێت، بە جۆرێک کۆی فرۆشی گشتیی زنجیرەکە لە جیهاندا 470 ملیۆن دانەی تێپەڕاندووە، یاریی GTA 5 لە ساڵی 2013 تا ئێستا زیاتر لە 230 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە.