سەنتەری ئاری گەیمینگ بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە هەولێر، فرۆشتن و دابەشکردنی یاریی GTA 6ـی بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت، ئەوەش دوای حەرامکردنی یارییەکە و بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لەبارەی ناوەڕۆکە نەشیاوەکەیەوە.
دوێنێ هەینی، ئاری خەلیل بەڕێوەبەری سەنتەری ئاری گەیمینگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەنتەرەکەیان بڕیاری داوە فرۆشتنی یارییەکە ڕابگرێت و ناوبراو گوتی: "هیچ قازانجێکی بازرگانی لە بەها و بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام گرنگتر نییە."
ئاری خەلیل داوای لێبووردنی لە ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان کرد کە لە هەفتەی ڕابردوودا ئەو یارییەیان فرۆشتووە، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەشێک لە دایک و باوکان بە ناوی خۆیانەوە یارییەکەیان کڕیوە و لە ماڵەوە داویانەتە منداڵەکانیان.
ئهو بەڕێوەبەرهی سهنتهرهكه ڕوونی کردەوە، كه یارییەکە بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵ نابێت و پڕە لە وشە و وێنەی نەشیاو، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، دیمەنی سێکسی، کوشتن و دزیکردن، بە جۆرێکیش بەرهەم هێنراوە کە زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێزی تەواویان بۆ بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف هەیە سەبارەت بە حەرامکردنی یارییەکە و تاکو ئەم بابەتە لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی دەبێتەوە، فرۆشتنەکە ڕادەگرن.
له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا ئاماژهی بهوه دا، كه ئهوان دژی گەیمینگ نین، بەڵکو دەیانەوێت ئەم بوارە لە کوردستان بە شێوەیەک پەرە بسێنێت کە لەگەڵ بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانمان بگونجێت.
ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە له 19ی 11ی 2026 یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان یاریی GTA 6ـی بە حەرام ناساند و هۆكارهكهی بۆ بەدڕەوشتی و شتی خراپ لهنێو یارییهكهدا گهراندهوه.