لە کاتێکدا مۆڵەتەکەی حکومەتی عێراق بۆ چۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) دەگاتە دوایین کاتژمێرەکانی، هاوکێشەکە لە نێوان پەیوەندییە تەلەفۆنییە ڕۆژانەکانی نێوان عهلی زهیدی و و تۆم بەڕاکی نێردەی ئەمەریکا لە لایەک و بێباکی و هەڕەشەی توندی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە لایەکی دیکەوە، بەرەو ئاڵۆزترین قۆناغ هەنگاو دەنێت.
ئەمڕۆ ڕۆژنامهی مهدا له ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردهوه، كه تۆم بەڕاک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژانە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە عەلی زهیدییهوه دەکات بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی جورف سەخر و فشار دەکات بۆ وهرگرتنی ههڵوێست بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان.
بهپێی زانیارییهكان، زهیدی گڵۆپی سهوزی لهلایهن ئهمریكاوه بۆ ههڵكراوه و بۆیه پێداگر و تونده لهسهر ئهم دۆسیهیه ئامادەی هیچ سازشێک نییە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە یان ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پشت پەردەی کردووە، هەرچەندە هێشتا نزیکەی 7 مانگی ماوە بۆ وادەی 30ی حوزەیرانی 2027 کە واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی چەک پەسەندی کردووە.
لە بەرامبەر ئەم ههماههنگییه ڕۆژانەیەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ نێردە ئەمەریکییەکەدا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بە ئاشکرا تۆم بەڕاک پشتگوێ دەخەن و هیچ حیسابێکی بۆ ناکەن.
ئهم ئێوارهیه ئەبو تاڵب ئەلسەعیدی، سەرکردە و گوتەبێژی حیزبوڵڵای عێراقی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو جورف سەخر ڕووی لە واشنتن كرد و گوتی: "بە خەیاڵپڵاوانەی ناوچەی سەوز، تۆم بەڕاک و ترەمپیش بڵێن، ئێمە خاوەنی ئەم زەوییەین چۆڵی ناكهین و ئەو کاتانەش بەسەر چوون کە سەدام و ئەمەریکییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکردین و بوونە مێژوو."
هاوتەریب لەگەڵ بێباکی ئەلسەعیدی بەرامبەر بەڕاک و واشنتن، جەعفەر ئەلحوسەینی بە زمانێکی توندتر هێرشی کردە سەر سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ناوچەی سەوز و هەڕەشەی کرد کە 'هاتنی هێزەکان بۆ جورف نهسر دەبێت بەسەر جەستەی ئێمەدا بێت.'
ئەلحوسەینی و ئەلسەعیدی ئاماژەیان بە بەخشینی 200 شەهید و 850 بریندار کرد و جەختیان کردەوە كه ئهم خاكه چۆڵ ناكهن و له ڕووی ههر هێرش و پهلامارێكی زهیدیدا دهوهستنهوه، لە کاتێکدا چەکدارانی گرووپەکە لە ناو ناوچەکەدا بە دەم سروودی ئایینییەوە تەقەیان بە ئاسماندا دەکرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بەکار دەهێنا.
ئەم جیاوازییە گەورەیە لە هەڵوێستەکاندا پێکدادانی دوو شێوازی جیاوازیشی لە نێوان واشنتن و تاراندا دەرخستووە؛ لە کاتێکدا ئەمەریکا بە تەلەفۆن و لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بەڕاکەوە فشار لە عەلی زهیدی دەکات، ئێران لەسەر زەوی و مەیدانییانە دانوستان دەکات.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە نێوان نەجەف و بەغدادا جووڵەی کرد و ئەمڕۆ لەگەڵ ئەبو حوسێن ئەلحمێداوی، هادی عامری و فالح ئەلفەیاز کۆبووەوە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازی وەک کشانەوەی لیواکانی حیزبوڵڵا یان دانانی هێزێکی هاوبەش و ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی.
سەرکردەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێی وایە تاران ترسی لە 'کاریگەریی دۆمینۆ' هەیە و نایەوێت کەوتنی جورف سەخر، کە لە 2014ـەوە بووەتە دوایین دیواری بەرگریی ئێران، ببێتە سەرەتای داڕمانی زنجیرەییی قەڵاکانی دیکەی هەژموونی لە عێراقدا.
پێش چهند كاتژمێرێک له پهیامه ئاگرینهكهی حیزبوڵڵای عێراقی له جورف سهخرهوه ئاژانسی ڕۆیتهرز له زاری سێ بەرپرسی حکومەتی عێراقهوه ئاشکرای كرد، كه حكومهت لەگەڵ حیزبوڵڵا گەیشتووەتە 'ڕێککەوتنێک' بۆ کشانەوەی چەکدارەکانیان پاش چوونە ئامادەباشیی 'ئاستی جیم'ـی هێزە ئەمنییەکان.
هاوکات ئەبو حوسێن ئەلحمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و سوپاسی قائانی، عامری، فەیاز، ئەبو فەدەک و ئەو هێزە ئەمنییانەی کرد کە ڕەتیان کردەوە پێکدادان ڕووبدات، و گوتی: "کێشەکان لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵات لە ڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە چارەسەر دەکرێن و چەکدارەکان دەگەڕێنەوە سەر ئەرکی ئاساییی خۆیان لەگەڵ پاراستنی چەک و نهێنییەکانیان."
سەرەڕای تهواوی ئهم گۆڕانكارییه خێرایانهدا عهلی زهیدی فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق كردووه كه بەوپەڕی خێرایی هەموو ڕێگا داخراوەکانی جورف سهخر (جورف نهسر) بکەنەوە و گوتی: "حکومەت سوورە لەسەر سەپاندنی شکۆی دەوڵەت، جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر مافی گشتی و تایبەت."
لهلایهكی دیكهوه، ئهمڕۆ دەستگیرکردنی عەلی عەبدولکەریم ئەلمووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆریی نەوت ڕاگهیهنرا و لەسەر بنەمای دانپێدانانی دادوەری بە بوونی قاچاخچێتیی نەوت لە کەرتی جورف نهسردا خرایه زیندانهوه. ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات کە زهیدی پێشتر 9 بەرپرسی ئەمنی و نەوتی لە کار دوور خستبووەوە، پاش ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە 6 شوێنی کونکردنی بۆری و دوو پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کردبوو.
دۆسیەی نەوت ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانەکەیە، چونکە سێ هێڵی ستراتیژی بە جورف سەخردا تێدەپەڕن کە بریتین لە بۆریی بەسرە–حەدیسە بە توانای 200,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هێڵی پاڵاوگەی دۆرە و هێڵی وێستگەی کارەبای موسەییەب.
میسال ئەلئالووسی، پەرلەمانتاری پێشوو تۆڕەکانی ئەو ناوچەیە بە گواستنەوەی ملیاران دۆلار بۆ ئێران و سوپای پاسداران لە لوبنان و یەمەن و عێراق تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەبو تاڵب ئەلسەعیدی ئەو شوێنەی بە 'کارگەیەکی سەرەتایی لەکارکەوتوو' وەسف کرد کە 5 کیلۆمەتر لە بۆرییەکانەوە دوورە و تەنیا نەوتی ڕەشی کڕدراوی کردووەتە گازوایل.
لەسەر ئاستی مەترسییە دەرەکییەکان، ئەلئالووسی هۆشداری دەدات کە شکستهێنانی حکومەتی عێراق لەم تاقیکردنەوەیەدا ڕەنگە وا لە ئەمەریکا بکات سەرکردە و پێگەی گرووپە چەکدارەکان بکاتە ئامانج یان بەرەیەک لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە و گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراقییەکان فراوان بکات و بە گوتەی ناوبراو، هەر لە ئێستاوە هەندێک بارەگای گرووپەکان و لیواکانی حەشد لە مووسڵ، دەشتی نەینەوا و کەرکووک کەوتوونەتە دۆخی ئامادەباشی و دەوامی چەکدارەکانیان بۆ یەک ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کەم کردووەتەوە.
جورف سەخر ڕووبەرەکەی 650 کیلۆمەتری دووجایە و 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداەوە دوورە، و پێش 2014 نزیکەی 89,000 کەسی زۆرینە سوننە لە هۆزی ئەلجەنابی تێیدا دەژیان. بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگری و میدیایییەکان، لە ژێر باخە خورما چڕەکانی ئەم ناوچە داخراوەدا باس لە بوونی تونێلی ژێرزەوی، کۆگای چەک، کارگەی درۆن، پاڵاوگە، زیندانی نهێنی و تەنانەت کێڵگەی بەرهەمهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی وەک بیتکۆین دەکرێت.
لای خۆیەوە ئەحمەد یاسری شرۆڤەکار پێیوایە گرووپە چەکدارەکان کشانەوە لە جورف سەخر وەک سازشێکی سنووردار نابینن، بەڵکو دەترسن 'ڕێککەوتنی یەکەم ببێتە دوایین ڕێککەوتن' و دەرگا بۆ سەروەریی حکومەت لە ناوچەکانی دیکە و هەڵدانەوەی دۆسیەکانی مافی مرۆڤ، ڕووداوەکانی سەقڵاوییە، سەرچاوەی دارایی و پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بکاتەوە.
چاودێران پێیانوایە هەر ڕێککەوتنێکی ناوچەیی لەنێوان تاران و واشنتندا دەتوانێت گرژییەکان هێور بکاتەوە، بەڵام پێ ناچێت ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە سەرەتای بەرقەراربوونی ئاشتی بن. هاوکات کلیلی داهاتووی ناوچەکە لە دەستی زەیدی و پشتیوانەکانیدایە: ئایا دۆسیەی جورف سەخر بە ڕێککەوتن یەکلا دەکرێتەوە، یان دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێکی دیکەی خوێناوی؟
ئەمە لە کاتێکدایە جورف سەخر لە کۆتایی ساڵی 2014ـەوە و دوای دەرکردنی داعش ناوەکەی بۆ جورف نهسر گۆڕدراوە و ماوەی 12 ساڵە وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو دانیشتووانەکەی بێبەشن لە گەڕانەوە.