حیزبوڵڵای عێراق پێداگری ده‌كات لەسەر مانەوەیان لە ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل و هۆشداری لە چوونە ژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان دەدەن، هاوکات ئەمینداری گشتی گرووپەکە چاره‌سه‌ركردنی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆكردنه‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

 

ئەمڕۆ ئەبو تاڵب ئەلسەعیدی، سەرکردە لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جورف سەخر ڕایگه‌یاند، کەس ناتوانێت شەرعییەت لە حیزبوڵڵا وەربگرێتەوە و ئەو کاتانەش بەسەر چوون کە سەدام و ئەمەریکییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکردین.

 

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حیزبوڵڵا ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ لەو شوێنەدا 200 کەسیان گیانیان لەدەست داوە و گوتی: "بە خەیاڵپڵاوانەی ناوچەی سەوز، تۆم بەڕاک و ترەمپیش بڵێن، ئێمە خاوەنی ئەم زەوییەین چۆلی ناكه‌ین."

 

لە لایەکی دیکەوە، جەعفەر ئەلحوسەینی، گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق هۆشداریی دایە ئەو هێزانەی دەیانەوێت بچنە ناوچەکە و ئاشكرای كرد، كه‌ 200 شەهید و 850 بریندارمان داوە و هاتن بۆ جورف نه‌سر دەبێت بەسەر جەستەی ئێمەدا بێت.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ ئەبو حوسێن ئەلحمێداوی، ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، كه‌ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەت لە ڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە چارەسەر دەکرێن بۆ ئەوەی دەرفەت بە دوژمنە ڕاستەقینەکان نەدرێت. ناوبراو سوپاسی لایەنگرانی گرووپەکە و هێزە ئەمنییەکانیشی کرد کە ڕەتیان کردەوە پێکدادان ڕوو بدات.

 

ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە عەلی زه‌یدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی چوونە ژوورەوەی هێزە چەکدارەکانی بۆ جورف سەخر دەرکرد، ئەویش دوای ڕاپۆرتی لێژنه‌یه‌كی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە بوونی دەستکاری لە بۆرییە نەوتییەکان و دوورخستنەوەی 9 بەرپرسی ئەمنی و نەوتی لە پۆستەکانیان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە ناوچەی جورف سه‌خر لە ساڵی 2014ـدا دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش بەفەرمی ناوەکەی بۆ جورف نه‌سر گۆڕدرا و لەو کاتەوە بە داخراویی ماوەتەوە و زۆربەی دانیشتووە ئاوارەکانی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.