لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەر و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، بارەگای هاوپەیمانی نیشتمانی لە شاری هەولێر لە لایەن هێزێکی هاوبەشەوە داخرا.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، داخستنی بارەگاکە لەسەر داوای لایەنێکی پارتەکە بووە و بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان ئەنجام دراوە.
گوتیشی: "لە 8ی تشرینی دووەمدا وەزیری ناوخۆ لەسەر داوای هاوپەیمانی دەنگی نیشتمان نووسراوی داخستنی بارەگاکانی هاوپەیمانی نیشتمانی لە هەولێر و سلێمانی کردووە و هەمان فەرمان بۆ شاری سلێمانیش نێردراوە."
دوای نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، دوێنێ 18ی تشرینی دووەم پارێزگاری هەولێر نووسراوی ئاراستەی ئاسایش و پۆلیس کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست. ئەمڕۆش هێزێکی هاوبەش لە نوێنەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، پۆلیس و ئاسایش فەرمانەکەیان جێبەجێ کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە لە پێشووتردا بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی، پارتەکە ببووە دوو گرووپ و لە 17ی ئەیلوولی 2026ـیشدا وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی وەزیر و بەپێی یاسای حیزبەکان ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەموارکراو، فەرمانی گۆڕینی ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هاوپەیمانی دەنگی نیشتمانی دەرکردبوو.