بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بارەگایەکی کۆنترۆڵکەر لە ناوچەی جورف ئەلنەسر (جورف سەخر) لە پارێزگای بابل پێک دەهێنرێت و سبەی هەینی کاتژمێر 6ی بەیانی دەکرێتەوە.

 

ئەمڕۆ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زه‌یدی فەرمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی ئەو بارەگایە دەرچووە. نوعمان گوتی، "بارەگاکە لە هەموو ڕووەکانەوە سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی دەبێت و سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی هەموو یەکە ئەمنییەکانی ژێر فەرمانی دەکات."

 

بەپێی بەیاننامەکە، فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتم حەمید وەک فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکەر دانراوە و دوو جێگریشی بۆ دیاری کراون؛ لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نسەیف وەک جێگری کاروباری بەرگری و عودەی عەبدولئەئیمە موسحەب وەک جێگری کاروباری حەشدی شەعبی ئەرکەکان بەڕێوە دەبەن.

 

چوار پێکهاتەی ئەمنی و سەربازی دەخرێنە سەر بارەگاکە، کە بریتین لە لیوایەکی سوپای عێراق، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی و دوو لیوای دەستەی حەشدی شەعبی و هاوکات فەوجێکی پۆلیسی وزە بۆ دابینکردنی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە خراوەتە ناو پێکهاتەکانەوە.

 

کەرتی بارەگای کۆنترۆڵکەر لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی جورف نەسردا دەبێت و لە کاتژمێر 6ی بەیانی هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە کارەکانی دەستپێدەکات؛ هەروەها بارەگاکە بە بەرزترین ئاست هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی بابل و فەرماندەییەکانی ئۆپەراسیۆنی کەربەلا، ئەنبار و بەغدا دەکات.

 

ناوچەی جورف نەسر کە بە جورف سەخر ناسراوە، دەکەوێتە سنووری پارێزگای بابل و بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کە بەغدا، کەربەلا و ئەنبار بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گرنگییەکی ئەمنی تایبەتی هەیە.

 

جورف سەخر کە 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا دوورە و لە تشرینی یەکەمی 2014 لە داعش ڕزگار کرا و ناو نرا جورف نەسر، له‌و ماوه‌یه‌دا زانرا كه‌ شوێنێكی هه‌ستیاری ناوچه‌كه‌یه‌ و تیایدا بیتكۆین به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و مووشه‌كی تێدایه‌ و هاوكات زیندانی نهێنی هێزه‌ میلیشیاییه‌كانی نزیک له‌ ئێرانی تێدایه‌.