ناوەندێکی جیهانیی تایبەت بە توێژینەوە لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پێشبینی کردووە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە نەخشەی ئایینیی جیهاندا ڕووبدات و ئایینی ئیسلام ببێتە بڵاوترین ئایین لەسەر ئاستی جیهان.

ئەمڕۆ ناوەندی توێژینەوەی پیو (Pew) ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەچەخستنەوە نەک گۆڕینی ئایین، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035 ئایینی ئیسلام پێش ئایینی مەسیحی بکەوێت و ببێتە یەکەم ئایین لە ڕووی ژمارەدا لە جیهان.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ناوەندەکە، لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2070 ژمارەی موسڵمانان بە بڕی 1.6 ملیار کەس زیاد دەکات و ڕێژەیان لە 26% بۆ 36% بەرز دەبێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی مەسیحییەکان 792 ملیۆن کەس زیاد دەکات و ڕێژەکەیان لە ئاستی 29%دا جێگیر دەمێنێتەوە، هاوکات ڕێژەی بێئایینەکان لە 24% بۆ 17% دادەبەزێت.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش داوە لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025، تێکڕای ڕێژەی بەپیتی لای ژنانی موسڵمان گەیشتووەتە 3.1 منداڵ، بەراورد بە 2.5 منداڵ لای ژنانی مەسیحی و 1.6 منداڵ لای ژنانی ئایینەکانی دیکە.

سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافی، ڕاپۆرتەکە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2070 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە شوێنکەوتووانی ئایینی مەسیحی لەدەست بدات، بە جۆرێک ژمارەیان لە 217 ملیۆن کەسەوە لە ساڵی 2020 بۆ 174 ملیۆن کەس کەم دەکات، بەمەش ڕێژەی مەسیحییەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا لە 64% بۆ 48% دادەبەزێت و ڕێژەی ئەو کەسانەی سەر بە هیچ ئایینێک نین لە 30% بۆ 41% هەڵدەکشێت

لە بەرامبەردا، چاوەڕوان دەکرێت تا هەمان ساڵ ژمارەی مەسیحییەکان لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بگاتە نزیکەی 300 ملیۆن کەس و بە جیاوازییەکی زۆر پێش ئەمریکا بکەوێتەوە، بەم شێوەیەش 54%ی مەسیحییەکانی جیهان لە ناوچەی ئەفریقای باشووری بیابان دەژین.

پێشتر ئایینی مەسیحی لەسەر ئاستی جیهاندا, وەک ئایینێکی ڕۆژئاوایی سەیر دەکرا، بەڵام جیاوازیی ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ئەم هاوکێشەیەی گۆڕیوە، توێژینەوە دیمۆگرافییەکان ماوەی چەندین ساڵە ئاماژە بەوە دەکەن گەشەی سروشتیی دانیشتووان، نەک گۆڕینی باوەڕ، بزوێنەری سەرەکیی داڕشتنەوەی نەخشەی ئایینیی داهاتووی جیهانە.