لە پارێزگای دیالە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئەمنی و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک، بەهۆی تەقەکردنەوە ژمارەیەک منداڵ بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕووداوی تەقەکردنەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوێک بە ماددەی 406 لە ناحیەی داروسەلام و لە ناوچەی ڕکەی حاجی سوهەیل لە پارێزگای دیالە ڕوویداوە.

فەریق سەعد مەعن ڕوونی کردەوە، داواکراوەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی پابەندی فەرمانی بازگەکە نەبووە و هەڵاتووە، ئەمەش وای کردووە هێزە ئەمنییەکە تەقەی لێ بکەن، کە بەهۆی تەقەکردنەکەوە 3 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 5 دیکەش بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا، یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی دا بە پێکهێنانی ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی ئەفسەرانی پلەباڵا بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکە توانیویانە تۆمەتبارە داواکراوەکە دەستگیر بکەن. 

هاوکات بڕیاریش دراوە، بە دەستبەسەرکردنی ئەفسەرێک و 10 کارمەندی هێزەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەی پێویست بەرامبەریان.

ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست و سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان یان زیندانیی هەتاهەتایی، لە عێراقدا ڕووداوەکانی بەکارهێنانی چەک لە کاتی ئەرکە ئەمنییەکاندا لە ڕێگەی ئەنجومەنە لێکۆڵینەوەییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە بەدواداچوونی یاساییان بۆ دەکرێت.