سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی خۆی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ململانێی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەیەکی نزیکدا نوێکردەوە.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە نیازی ئەوەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بهێنێت، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'فۆکس نیوز' دووپاتی کردەوە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی دەوێت، نەک ڕێککەوتنێکی کاتی بتوانرێت لەلایەن سەرۆکێکی داهاتووەوە پێچەوانە بکرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، ئەگەر لە داهاتوودا سەرۆکێکی لاواز یان خراپ بێتە سەر دەسەڵات، دەبێت ڕێککەوتنەکە لە دەسەڵاتی سەرۆک باڵاتر بێت و بمێنێتەوە، لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە واشنتن پەیوەندیی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەردەوامە و بانگەشەی ئەوەی کرد تاران خوازیاری ئەنجامدانی ڕێککەوتنە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە هەر چارەسەرێک دەبێت ڕێگری لە ئێران بکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی، سەرەڕای ئەم مەرجانە، سەرۆکی ئەمریکا هیچ پێشنیازێکی دیاریکراو، خشتەیەکی کاتیی دانوستان یان میکانیزمێکی ڕوونی نەخستە ڕوو بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی ئیدارەیەکی داهاتووی ئەمریکا نەتوانێت ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' و ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەی دیکە بۆ سەر ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر واشنتن تا بەشداری لە هەڵمەتێکی ئاسمانیی 4 بۆ 7 ڕۆژەدا بکات دژی تاران.

بۆ ئەم مەبەستە، نەتەنیاهۆ هەفتەی ڕابردوو ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی 'مۆساد'ی ڕەوانەی واشنتن کردووە تا زانیاریی هەواڵگری پێشکەش بە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بکات سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی کیمیایی لەلایەن ئێرانەوە.

لێدوانەکانی ترەمپ ڕەنگدانەوەی ستراتیژیی دووسەرەی واشنتنن بەرامبەر تاران، بە جۆرێک، لە لایەکەوە دەرگای دیپلۆماسی کراوەیە و لە لایەکی دیکەوە فشارە سەربازی و ئابوورییەکان بەردەوامن، جێی ئاماژەیە، پرسی گەرەنتیی مانەوەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دوای گۆڕینی ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکا، لە ساڵانی ڕابردووشدا یەکێک بووە لە خاڵە هەستیارەکانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.