ئاژانسێکی جیهانیی تایبەت بە وزە هۆشداری دا لەوەی قەیرانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین هەڕەشەی مێژوویی بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان دروست کردووە.
ئەمڕۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە مانگی شوباتدا دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەریهەڵدا، ئاسایشی وزە کەوتووەتە بەردەم گەورەترین مەترسیی مێژوو.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ پێشبینییەکانی وزەی جیهان ڕوونی کردەوە، وڵاتانی کەنداو لە هەناردەکردنی نەوتدا تووشی کێشەی سەخت بوونەتەوە دوای ئەوەی تاران گەرووی هورمزی داخست و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ناوچەکەی کردە ئامانج، سەرەڕای هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییەکان بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا، بەڵام هێڵەکانی دابینکردنی وزە هێشتا بە توندی پەکیان کەوتووە.
فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسەکە لە پێشەکیی ڕاپۆرتەکەدا نووسیویەتی، "قەیرانی گەرووی هورمز مەترسییەکی لەسەر وزە دروست کردووە قەبارەکەی لە قەیرانە نەوتییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گەورەترە".
ئەم بەڕێوەبەرە جێبەجێکارە باسی لەوە کردووە، حکومەتەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، وڵاتانی بەرهەمهێنەر بڕی زیاتریان خستووەتە بازاڕەوە و ڕێگای جێگرەوەیان گرتووەتە بەر، هاوکات چینیش کڕینی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکان کەم کردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەکاربەران ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخەکان و لە هەندێک حاڵەتدا کەمبوونەوەی دابینکردنی وزە بوونەتەوە، بیرۆل پێی وایە، تائێستا هیچ ڕێگایەکی ڕوون نییە بۆ گەڕانەوەی بازاڕی وزە بۆ دۆخی پێشووی.
ئەم ڕاپۆرتە، هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی وڵاتان لە تورکیا بۆ گفتوگۆکانی کەشوهەوای (COP31)، لە کاتێکدا حکومەتەکان لەژێر فشاری ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادان دوای ساڵێک لە شەپۆلی گەرمای توند و ئاگرکەوتنەوە لە ئەوروپا و لافاوە کوشندەکان لە نیپاڵ.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بە سێ سیناریۆی سەرەکی بەستووە:
خواست لەسەر نەوت لە دەوروبەری ساڵی 2030 بگاتە لوتکە
خواست لەسەر گاز تا ساڵی 2035 بەردەوام بێت لە زیادبوون
سفربوونەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان تا ساڵی 2050دا.
جگە لەمانە، ئاژانسی وزە دوو سیناریۆی نوێی زیاد کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی هەرچەندە قەیرانەکە درێژە بکێشێت، کاریگەرییەکان لەسەر ئابووریی جیهان قووڵتر دەبنەوە.
پێش سەرهەڵدانی ململانێکانی ئەم دواییە، گەرووی هورمز ڕێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بوو، جێی ئاماژەیە فاتیح بیرۆل لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا گەشبینتر بوو سەبارەت بە دۆخەکە و پێی وابوو بازاڕی نەوت هێشتا سوود لە چەند هۆکارێکی پاڵپشت وەردەگرێت.