داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران وا ناکات بازاڕ و کارەبای عێراق بەتەواوی نەمێنن، بەڵام شەپۆلێکی توندی گرانی، کەمی کاڵا و کەمبوونەوەی وزەی لێ دەکەوێتەوە. بە گوتەی پسپۆڕانی ئابووری و بازرگانان، بازاڕی ناوخۆ ناتوانێت بەخێرایی قەرەبووی بڕ و نرخی کاڵای ئێرانی بکاتەوە و هەر پچڕانێک لە هاتنی گازدا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەمڕۆ ئاژانسی شەفەق نیووز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەم مەترسییانە دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە 8ی مانگدا ئاشکرای کرد واشنتن داوای داخستنی هەموو دەروازەکانی لەگەڵ ئێران کردووە جگە لە دوو دەروازە؛ هاوکات لە 10ی تشرینی دووەمدا دەروازەی شەیب کرایەوە دوای ئەوەی داخستنی پێشووی نرخی سەوزەی گران کردبوو و لە 13ی مانگیشەوە دەروازەی مەندەلی بە شێوەیەکی کاتی داخرا.
هیلال تەعان، پسپۆڕی ئابووری، بە ئاژانسەکەی ڕاگهیاندووه، قەبارەی بازرگانی ساڵانەی عێراق و ئێران لەنێوان 15 بۆ 18 میلیار دۆلاردایە جگە لە 4 میلیار دۆلار هاوردەی گاز، بۆیە داخستنیان نرخی خۆراک، شیرەمەنی و کەرەستەی بیناسازی بەرز دەکاتەوە، بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشوور و کار دەکاتە سەر گاز و کارەبا.
ناوبراو جەختی کردەوە، كه وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیا وەک ئامادەترین جێگرەوەی وشکانی دەتوانن بەشێکی زۆری کاڵاکان پڕ بکەنەوە، بەڵام نەک بەتەواوی و دەستبەجێ.
بهپێی زانیارییهكان، لە ڕووی بازرگانی و پیشەسازییەوە هێنانی کاڵا لە وڵاتانی دیکەوە تێچووی گواستنەوە زیاد دەکات و کاڵا هەرزانەکانی ئوردنیش لە هەندێک دۆخدا باشییان کەمترە. هاوکات ڕەخنەی لە ئاڵۆزیی کارگێڕیی حکومی دهگیرێت، کە ڕێگر بووە لە دامەزراندنی کارگەی ناوخۆیی، لە کاتێکدا جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتوویهتی، كه داخستنی دەروازەکان دەکرێت پەیوەندی بە بەقاچاخبردن یان گوشارەکانی ئەمریکا و ئێرانەوە هەبێت.
عێراق لە ساڵی 2017ەوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی سەرەکی پێداویستییەکانی کارەبا و بازاڕ پشتی بە گازی سروشتی و کاڵای ئێرانی بەستووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن لە ئاداری 2025دا بەخشینی هاوردەکردنی کارەبای ئێرانی هەڵوەشاندەوە و داوای لە بەغدا کردووە سەرچاوەکانی وزە و بازرگانی خۆی فرەچەشن بکات.