لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە لەشفرۆشی لە تورکیا قەدەغە کراوە و عەلمانییەکان هۆشداری دەدەنە ئەردۆغان بەوەی ئەمە سڕینەوەی کەلەپووری ئەتاتورکە؛ لە ڕاستیدا بڕیارەکە قەدەغەکردنی گشتی لەشفرۆشی نییە، بەڵکو بڕیارێکی کۆدەنگی دادگای دەستووریی تورکیایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرپەرشتی دەوڵەت بەسەر شوێنەکانی لەشفرۆشیدا بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ.

 

ئەمڕۆ میدیاکانی تورکیا و ناوەندە یاسایییەکان وردەکاریی بڕیارەکەی دادگای دەستووریی تورکیا (AYM)یان بڵاوکردەوە، کە دوێنێ سێشەممە لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکەدا بڵاو کرایەوە و هەر هەمان ڕۆژ جێبەجێ کرا. دادگاکە لە بڕیارەکەدا کە ڕۆژی 16ی تەممووزی 2026 بە کۆی دەنگ دەری کردبوو، بەندی 128ی یاسای تەندروستی گشتی ژمارە 1593ی ساڵی 1930ی هەڵوەشاندەوە کە 96 ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی بە وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ دابوو شوێنەکانی لەشفرۆشی ڕێک بخەن.

 

بەپێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە بڕیارەکە دەداتە پاڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی، ڕێکارەکە لەسەر داوای سێ دادگا (دادگای کارگێڕیی ئەرزەڕۆم، دادگای سێیەمی کارگێڕیی مێردین و فەرمانگەی چوارەمی ئەنجوومەنی دەوڵەت) دەستیپێکرد لە کاتی پێداچوونەوە بە داخستن و مۆرکردنی چەند شوێنێکدا، دادگای دەستووریش پشتی بە بەندەکانی 5 و 17ی دەستووری تورکیا بەست سەبارەت بە ئەرکی دەوڵەت لە پاراستنی مافەکان و بوونی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤ.

 

لە پاساوی بڕیارەکەیدا، دادگای دەستووری گوتی: "سەرپەرشتیکردنی لەشفرۆشی لەلایەن دەوڵەتەوە بە بیانووی تەندروستی و ئاسایش لەگەڵ شکۆی مرۆڤدا ناگونجێت و ناڕاستەوخۆ ڕەوایەتی دەداتە بەکاڵاکردنی جەستەی مرۆڤ و بەتایبەت جەستەی ژنان."

 

هەروەها دادگاکە جەختی کردەوە کە هەژاری، بێدەرەتانیی ئابووری، توندوتیژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هۆکاری سەرەکین، بۆیە ئەرکی سەرەکی دەوڵەت چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوەندگیرەکانە نەک چاودێریکردنی ئەم کارە.

 

بەگوێرەی لێکدانەوەی یاساناسان، بڕیارەکە بە واتای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی یان داخستنی دەستبەجێی شوێنە ڕێگەپێدراوەکان نایەت، دادگاکە لە بڕگەی 17ی بڕیارەکەیدا بەڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە لەشفرۆشی بە ویستی ئازادی کەسی پێگەیشتوو لە یاسای تورکیادا تاوان نییه‌.