فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا بە دووبارە بڵاوەپێکردنەوە و دابەشکردنی ئەرکی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچەیەکی ستراتیژیی وڵاتەکەدا.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕەزامەندی لەسەر پلانی دابەشکردنی کەرتە ئەمنییەکانی ناحیەی جورف سەخر دراوە.

 

بەپێی پلانەکە، لیوای 38ـی فیرقەی 10ـی وەزارەتی بەرگری لە ساتری 'یا حوسێن'ـەوە تا چوارڕیانی فازڵییە و سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەگرێتە ئەستۆ، هەروەها لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی پاراستنی سەنتەری ناحیەی جورف سەخر لە ڕووباری فوراتەوە تا ڕێگای موسەیەب - فازڵییە جێبەجێ دەکات.

 

هاوکات، هەردوو لیوای 72 و 79ـی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕێگای موسەیەب - فازڵییەوە تا سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا جێگیر دەکرێن و فەوجێکی پۆلیسی وزەش بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت دەپارێزێت.

 

بڕیاریش دراوە ڕێگای سەرەکیی نێوان موسەیەب، بەهبەهانی، چوارڕیانی فازڵییە و عامرییەی فەلووجە بە ڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە و دوو بازگەی پۆلیسی بابل و ئەنبار لەو سنوورە دابنرێن، فەوجی دژەتیرۆریش لە سەربازگەی حامییە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان دەستنیشان کراوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی کردووە تەواوی کەرتی جورف سەخر لە لایەن پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە بپارێزرێت، فەیاز لە پێشنیازەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، هەردوو لیوای 72 و 79 لەگەڵ فەوجی هێزە تایبەتەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی ئەرکی پاراستنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ و پۆلیسی وزەش تەنیا ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکەی پێ بسپێردرێت.

 

ناحیەی جورف سەخر بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە ناوچەیەکی ستراتیژییە و چوار پارێزگای عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەم ناوچەیە لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەستی داعش لە ساڵی 2014ـەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بووە و ڕێگا سەرەکییەکانی بە داخراوی مابوونەوە.